🖋️ ئیسماعیل ئەحمەد
مەسەلەیەکی کوردی هەیە دەڵێت " ئامانجی کۆڵنەدان سەرکەوتنە "
یاسایەکی جوانیش هەیە " ئامانجی گەورە توانای گەورەت بەدیار دەخات ، وە ئامانجی بچووکیش توانای بچووک بەدیار دەخات"
بۆیە لویس سـتۆنی دەڵێت: "تەنها گەنجـینە کە شایەنی بە دواداگەڕانە ئامـانجە.
مرۆڤ لە دنیادا گەر ئاوات و ئامانجێکی نەبوو ئەوا ئەتوانین بڵیین مرۆڤێکە بێ ناونیشان ئەژی ، بەڵام گەر ئامانج هەبوو وە ئامانجەکەشت گەورەبوو ئەوا دڵنیابە جۆرێک لە تواناکانت بەدەر دەکەون کە خۆشت بڕواناکەی .
گـەورەتـرین ئـارەزووی مـرۆڤ بەدەسـتهـێنانی سەرکـەوتنـە ، بۆیە گەیشتن بە ئامانج و سەرکەوتنەکانت خولیای هەموو مرۆڤێکی ژیرە ، وە هیچ بارودۆخێکیش نابێتە ڕێگر لەبەردەم گەیشتن بە سەرکەوتنەکانت ، تاکی ژیر و هۆشیار هەرگیز بیانوو ناهێنێتەوە بۆ نەکردنی کارێک وە هیچ بارودۆخێک ناکاتە بەهانە و خۆی لە تەمەڵی و لاوازی دە پارێزێت . هەمیشە بیرکردنەوەکانی ئەرێنین و نایەڵێت هیچ بارودۆخێکی نێگەتیڤ کاریگەری بکاتە سەری و دەرونی دەپارێزێت لە ڕاڕای و ترس.
پەندێکی یابانی هەیە دەڵێت "مرۆڤ گەر حەوت جار کەوت پێویستە هەشت جار هەستیتەوە"
نمونەی راستی و بەرچاو و زۆر ڕوون لەم سەردەمی ماتریاڵیدا هەیە سەرەڕای بارودۆخ و ناهەمواری ژیان وگوزاران و دنیایەک معانات و کەم و کوڕی و هەژاری بەڵام خولیای سەرکەوتن لە مێشکیاندا چەسپیوەو هەوڵی بۆ دەدەن ، وەک نمونەی ئەو قوتابیانەی ساڵانە لە هەرێمی کوردستان لە قۆناغی ١٢ پلەی یەکەم و دووەم سێهەم بەدەست دەهێنن گەر نەڵێین هەموویان ئەوا دەتوانین بڵێین زۆرینەی زۆریان لە چینی خوارەوەی گۆمەڵگەن و لە خێزانی هەژارو کەم دەرامەتن و بەبێ مامۆستای تایبەتی و بە بێ قوتابخانەی تایبەت و نمونەیی پلەکانی سەرەوەیان گرتووە و بوونەتە جێگای شانازی نەک تەنیا خانەوادەکەیان بەڵکو کۆمەڵگە بەگشتی .
هەریەکە لە ئێمە ئامـانجێک یا زیاتر لە ئامانجێکمان لە ژیـاندا هەیە ، هـیواخـوازین لە هـەوڵ و تێکۆشانمانـدا سەرکەوتووبین و بە ئامانجەکانمان بگەین ، بەڵام سەرکەوتن و گەیشتن بە ئامـانجەکانمان، بە قسەی ڕووت و بە خـۆزگە و بە پاڕانەوە و پاڵـدانەوە و بێ ئـیرادە و بێ قـوربانیـدان نایـەنەدی ، بەڵکو لە سـایەی هـەوڵ و خەبـاتی بێـوچـان و شەونخونی و پشوودرێـژی و سنگ فراوانی و سووربوون و خۆڕاگری و قـوربانیدان و متمـانە بەخـۆ و بە ئـیرادەیەکی بەهـێز و بە خۆبـەدەستەوەنـەدان دێنـەدی.
کـەواتە ڕاز و کـلیـلی سەرکەوتن و گەیشـتن بە هـیوا و ئامـانجـەکانمان، ئـیرادەیەکی بە هـێز و متمانە بەخۆبـوون و تێکۆشان و کۆڵنەدانە. ئەوەش دەزانین کە سەرکەوتن و گەیشتن بـە ئامـانجـەکـانمان سـەخـت و دژوارە، وەلێ ئەسـتەمیـش نیـیە ، تـا ئامانجـەکانیشـمان گـەورەتـربن، هـەوڵ و تێكۆشـانی زیاتـر و قـوربانیـدانی گەورەتـریان دەوێـت.
ژان لاڤـۆنتـین دەڵێـت:"بـە خـۆڕاگـری بـە هـەمـوو شـتـێک دەگـەیـن".
ئیسحاق دیـزرائـیلیش دەڵێـت:"نهـێـنی سـەرکـەوتـن لـە خـۆڕاگـری دایـە"
یان زۆر نمونەی ترمان هەیە کە دوای تەواو کردنی خوێندن چاوەڕێی دەستی حکومەت ناکەن بەڵکو خۆیان دەبنە خاوەن کاری خۆیان و بگرە چەندین کەسی تریش دەخەنە سەرکار ئەم جۆرە کەسانە بڕبڕەی ئابووری کۆمەڵگەن و بۆ هەموو گۆمەڵگەیەک پێویستین .
زۆر جار مرۆڤ ئیرادەی هەستانەوەی نییە لە دوای کەوتنێک ، هەندێک جار شکست دەبێتە بەشێک لە ژیانی و وا ئەزانێت هەر هەنگاوێک بنێت شکست دەهێنێت ، کەئەمە دەتوانین ناو بنێین فۆبیای کۆمەڵگا.
چونکە مرۆڤ لە بازنەیەک دەهێڵیتەوەو ڕێگرەبێت لە پێشکەوتن و سەرکەوتنتی ، بۆیە سۆکرات دەڵیت "مـرۆڤی خـۆشـبەخـت، ئـەو کـەسـەیە، کـە لـە هـەر هـەڵـەیـەک ئەزمـوونێـک وەربگـرێـت"
دەبێت هەڵەو کەوتنەکانمان بکەینە پەیژەیەک و پێیدا سەربکەوین و بیکەینە ئەزموونی ژیانمان و ئەوە لە مێشکماندا بچەسپێنین کە مرۆڤی خاوەن خەون وئامانج تووشی شکست و کەوتن دەبێت نەک مرۆڤێک کە هیچ هەوڵێک نادات.
کـۆنفـۆشـیۆس دەڵێت:"گـەورەتـریـن سەربـەرزی ئـەوە نیـیە کە نـەکـەویـن، بەڵـکو ئەوەیـە کە لە هـەر کەوتنـێکـدا دووبـارە هـەستـیـنەوە سـەر پـێ"
ئەم وتارە دەربڕی ڕای نووسەر خۆیەتی