✍️عەلی عەبدولسەمەد
لەمێژووی ئیسلام و مرۆڤایەتی دا، یەکێک لە ڕەمزە گەورەکانی دژایەتی کردنی ستەم و نادادی و زۆرداری "حسێنی کوڕی ئیمامی عەلی"یە
ئەو پیاوەی بەدەر لە خورافیاتی شیعەکان بۆی،
سومبولێکی مەزنی خۆفیداکردن و قوربانیدانە لەپێناو دژایەتیکردنی ستەمکاری و گەندەڵیدا.
پیاوێك کە جگە لەو ستایشە زۆرەی لە ئەدەبی کوردیدا شاعیرانی کورد دەربارەی کردویانە، لە نالی و مەحوی و دەیان شاعیری دیکە، جیاواز لەوەش لە ستایشی ئەودا، غاندی و دەیان شۆڕشگێڕ و سەرکردەی دژ بەستەمکاری و نادادپەروەری، بە گەورەترین شۆڕشگێڕی دژ بەستەم و نادادیان زانیوە و بە ئیلهامبەخشێکی گەورەیان بۆ شۆڕشگێڕان لەقەڵەم داوە.
پیاوێك وەک "عەلی شەریعەتی" دەڵێت: جیاواز لەهەموو ئەوانەی بەدەوری کەعبەدا دەسوڕانەوە لەو کاتەدا، ئەو پێی وتین گەورەترین پەرستش دژایەتی ستەم و ستەمکارانە کە لەژێر پەردەی ئاین و خودا دا کۆشکەکانیان بە خوێنی خەڵك جوانتر و ڕازوەتر کردووە و گوێیان لە ژیانی خەڵك و سنورەکانی خوداش نیە.
شۆڕشگێڕێك لەنێو سەردەمێکی پڕ لەتاریکی بە ستەمی دەسەڵاتی ئەمەوییەکان، بڕیاری دژایەتی ئەو ستەمکاریە دەدات کە لەو کاتەدا خەلیفە و دەسەڵاتدارانی ئەمەوی و یەزیدی کوڕی معاویە خەریکی ئەنجام دانیبوون.
ئەگەرچی نزیکەی حەفتا هەزار لە خەڵکی کوفەو کەربەلا پەیمانیان پێدا و هەر زوو "فەڕەسدەقی" شاعیر کە لەڕێگدا بینیبووی، دووڕووی خەڵکی ئەو ناوچانەی پێوتن و گوتی:
(دڵیان لەگەڵ تۆ و شمشێرەکانیان دژ بە تۆیە)
بەڵام ئەو هەر سور دەبێت لەسەر ڕۆیشتنی و دەڵێت: خیانەت لە حەفتا هەزار پەیمان و بەڵێن ناکەم، کە خراوەتە گەردنم و لەگەڵ گەیشتینی بە کەربەلا و پشت تێکردنی خەڵک لێی و پەشیمان بوونەوەیان لەو پەیمان و بەڵێنەی کە پێیان دابوو، ئیدی خۆی و حەفتا لە هاوەڵ و نزیک و نەوەکانی بەو جۆرە تراژیدی و خەمناکە شەهید دەکرێن و بۆ هەمیشەش ئەم داستانە خەمناکە دەبێتە برینێک بە جەستەی مێژووە وە و پەڵەیەکیش بەڕووی کوفەی ئەو کات و عێراقی ئێستاوە.