✍️ئەرکان حەسەن - پارێزەر
کارکردن مایەی شەرەفە بۆ مرۆڤ لە هەر پێگەیەکدا بێت، هێمایەکە بۆ ئارامی و ئاسوودەیی خێزان جا ئەگەر لە لایەن یەک کەسەوە لە خێزانێکدا ئەنجام بدرێت،زۆر جار و بە تایبەت لەم قۆناغەی کە مرۆڤایەتی پێ گەیشتووە کارکردنی ژنان بەردەوام ڕوو لە زیاد بوونە بە شێوەیەک هیچ یاسای کارێک لە جیهاندا ناتوانێت باس لە ئەرک و مافەکانی ژنان نەکات، دواجار ئەوانیش وەکو پیاوان هەوڵی بوونی ئابووریەکی سەربەخۆ بۆ خۆیان ئەدەن و بەشدار ئەبن لە بنیاتنانی ئابووری وڵات، لێرەدا بە ڕای ئێمە کارکردنی ئافرەت تا ئەو ئاستە پێویستە کە نەبێتە هۆی تێکدان و ئیهمال کردنی خێزان و پەروەردە کردنی منداڵ.
کاتێک کەسێک دەست دەکات بە کارکردن جا چ پیاو بێت یاخود ئافرەت بێت کۆمەڵێک ئەرک و مافی هەیە، کە پێویستە ئەرکەکانی وەک کرێکارێک ڕاپەڕێنێت و لە بەرامبەریشدا پێویستە لەلایەن خاوەنکارەکەیەوە ئاسان کاری تەواوی بۆ بکرێت تا مافەکانی پارێزراوە بێت و بتوانێت سوودیان لێ وەربگرێت، لە پاڵ ئەو مافانەی کە کرێکاران بە گشتی هەیانە وەک (سەلامەتی شوێنی کار و کارکردن لە چوار چێوەی کاتژمێرەکانی کارکردن بە گوێرەی یاسای کار و دابین کردنی پێداویستییەکانی تەندروستی، مافی سوودمەند بوون لە پشووەکان و پێدانی مۆڵەتی ئاسایی و پێدانی مۆڵەتی نەخۆشی، پێدانی کرێی کارکردن لە کاتی خۆیدا... هتد).
ئافرەتان چەند مافێکی تایبەتیان هەیە کە لە یاسای کاردا ئاماژەی بۆ کراوە و پێویستە لەسەر خاوەنکار کە ئەرکی پاراستنی ئەو مافانە لە ئەستۆ بگرێت، ئەم مافانە با لایەنی کەمی مافەکانی کرێکاران بە گشتی و کرێکارانی ئافرەت بە تایبەتی دادەنرێت.
بە پێشکەوتنی کۆمەڵگە و زیاد بوون و جۆراو جۆر بوون هۆکارەکانی بەرهەمهێنان و پەرەسەندنی سیستمی سەرمایەداری و دامەزراندنی هەزارەها کارگەی جۆراوجۆر، ئەرکی کرێکاران زۆر و جیاواز بووە و بێگومان دەبێت لە بەرامبەر ئەم ئەرکە زۆرەی کرێکاران مافی زیاتریشیان پێبدرێت و بەدەستی بهێنن، بێگومان ئەمەش بە یاسایەکی باش و تۆکمە دەبێت کە لەگەڵ ئێستا و بارودۆخی کار و کرێکاراندا بگونجێت، لە هەمووشی گرنگتر یەکگرتوویی و یەکدەنگی کرێکارانە بۆ داواکردنی مافەکانیان.
گرنگترین مافەکانی ئافرەت لە یاسای کاردا لێرەدا بە کورتی باس دەکەین
یەکەم/ کاتێک کرێکارێکی ئافرەت لە شوێنێک کار دەکات پێویستە لەسەر خاوەنکارەکەی سەرجەم مافەکانی کە لە یاسای کاردا هاتووە بە بڵاوکراوەیەکی گەورە لە شوێنی کارەکەی هەڵبواسێت بە زمان و شێوازێک کە ڕوون بێت بۆ کرێکارەکە.
دووەم/ ناکرێت ئافرەتان کاری قورس یاخود کارێکیان پێ بکرێت کە زیان بە تەندروستیان بگەیەنێت یاخود ئەگەر سکپڕ بوون زیان بە سکەکەیان بگەیەنێت، هەروەها ناکرێک کار بە کرێکار بکرێت لە کاری شەوانە مەگەر بارودۆخ یاخود سرووشتی شمەکەکە وا بخوازێت.
سێیەم/ ئافرەتی کرێکاری دووگیان مافی ئەوەی هەیە کە سی ڕۆژ پێش وادەی چاوەڕوانکراو بۆ دانانی سکەکەی سوود لە مۆڵەت وەربگرێت بە کرێی تەواو و سوودمەند دەبێت لە وەرگرتنی ٧٢ ڕۆژ مۆڵەتی دایکایەتی، هەروەها دەتوانێت مۆڵەتی دایکایەتی تایبەت وەربگرێت بۆ ماوەی ساڵێک بەبێ کرێ،لەگەڵ ماوەی شیردانی ڕۆژانە کە لە یەک کاتژمێر زیاتر نەبێت.
چوارەم/ پێویستە لەسەر ئەو خاوەنکارانەی کار بە کرێکاری ئافرەت دەکەن شوێن و ئامرازی تایبەت بە حاسانەوە و پشوودانیان بۆ دابین بکەن.
ئەم مافانەی باسمان کرد لە چوارچێوەی یاسای کاری ژمارە (٧١ ساڵی ١٩٨٧)دا هاتووە، هیوادارین یاسایەکی کاری باشتر و تۆکمەتر دەربچێت و بە تەواوی لەگەڵ ئێستای ژیانی کرێکاراندا یەک بگرێتەوە.
ئەم بابەتە لەژمارە 53 بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار بڵاوکراوەتەوە.