Page Nav

HIDE

Grid

GRID_STYLE

Pages

latest

میراتگری پەیامبەران

 

✍️ عەلی عەبدولسەمەد

ناشرینترین دیمەن، دیمەنی ئەو مامۆستا ئاینییانەیە کە بە جبە و  عەمامەیەکی سپیەوە، نۆرە دەگرن لەدوا و لەبەردەم بارەگای حیزب و کۆنفرانس و کۆنگرە حزبییەکاندا.

ئاخر ئێوە کە خۆتان بە میراتگری پەیامبەری ئیسلام و گەیەنەری پەیامی خودا دەزانن، دەبێت هەنگاو و رەفتار و گفتارتان بەرمەبنای ئایەتەکانی قورئان و ئاکاری پەیامبەران بێت.

یان ئەوەیە ئێوە پێگەی خۆتان لەبیرکردوە کە خۆتان دەڵێن: "میراتگری پەیامبەران"  لەسەر زاری پەیامبەری ئیسلامەوە درودی خوای لێبێت.

 یاخود ئێوە هەر لە دین تێنەگەیشتوون و گرفتی خۆبەکەمزانینتان هەیە و دەتانەوێت لە پەنای حزب و لایەن و مەسئول و کەسێکەوە ئەم گرێی خۆ بەکەم زانینەتان نەهێڵن، یانیش کەوتوونەتەبەر ئەو ئایەتەی خودا کە دەفەرموێت، ئایەتەکانی قورئان بە پارەیەکی کەم مەفرۆشن بۆ بەرژەوەنەی دنیا، بەڵام ئێوە ئاین و پێگەی خۆتان بۆ خزمەت و ویستەکانی خۆتان بەکار دەهێنن..

پەیامبەری ئیسلام دەفەرموێت(إن الله يحب الأمراء إذا خالطوا العلماء، ويمقت العلماء إذا خالطوا الأمراء)

واتە خودا فەرمانڕەوایانێکی خۆش دەوێت کاتێک تێکەڵ بە زانایان دەبن، و زانستی دینیان لێفێردەبن و ڕقی لە زانایانیشە کاتێک تێکەڵ بە فەرمانڕەوایان دەبن بۆ وەرگرتنی بەرژەوەندی و پێگە و ئیمتیاز و خۆنزیکردنەوە بۆ بەرژەوەندی دنیاییان.  

دیمەنە دروست و شەرعییەکە ئەوەیە کە بەرپرسەکان لەبەردەم دەرگای ئێوەدا بوەستن و ڕیزیان بەستبێت بۆ بینینتان، تا فێری ئەمر بە مەعروف و نەهی لە مونکەریان بکەن، کام کار حەلالە و کامی حەرام، نەک ئێوە بۆ ئیمتیاز و ناسنامەی کادربوون لەبەردەم دەرگا و پشتیانەوە لە ریزەکانی پێنجەم و شەشەم، تەنیا عەمامەکانتان دیارە،  دابنیشن و بوەستن.

میراتگری پەیامبەران ئەوانەن کە بە ئاشکرا و نهێنی بەرپرسان  و کاربەدەستان ئاگادار دەکەنەوە لە جێهێشتنی دونیا و تەواوبوونی دەورانی حوکمڕانی.

هۆشیارکردنەوە و ئامۆژگاریکردنیان بە باشکردنی ژیانی خەڵکی و خزمتەکردنیان، ئەویش لەو دیدار و گفتوگۆیانەی کە بەپرسان خۆیان دێنە بەر قاپیتان.

میراتگری پەیامبەران ئەوانەن کە گوتار و قسەکانیان لەبەرژەوەندی حەقیقەت و عەدالەت و ژیانی خەڵکیدایە، نەک ئەوانەی کە گوتاربێژی دەسەڵاتن و گوفتار و کردارەکانیان بۆ پلە و پایەی خۆیان و بەرژەوەندی خۆیانەو وەک و "عەلی وەردی"یش ناوی لێناون "واعیزەکانی سوڵتان" 

ئەو واعیزانەی کە بوونەتە تەجمیلکەری ناشرینییەکانی سوڵتان و وەعز و قسەکانیان لەکەم تا زۆر، لەبەرژوەندی و لەخزمەتی ویستەکانی سوڵتاندایە، نەک بۆ خودا و مرۆڤایەتی.

ئەمانە نەک میراتگری پەیامبەران نین، بەڵکو یەکێک لە نیشانەکانی کۆتاییهاتنی دنیان، هەر وەک پەیامبەری ئیسلام محەمەد درودی خوایی لێبێت، دەفەرموێت، لەنیشانەکانی کۆتایی دونیا، بینینی زانائاینییەکانە لەبەردەم دەرگای سوڵتان و دەسەڵاتدارەکاندا.