✍️کاروان ڕەسوڵ
هەڵبژاردن پرۆسە و سیمایەكی گرنگی دیموكراسییە، بەشداریکردنی راستەوخۆی تاکە لەو پرۆسەیەدا، پلانی یەکێتی بۆ کەرکووک لە هەنگاوەکانی هەڵبژاردن ئەنجوومەنی پارێزگا و بانگەشەیەکی جوان کە لەلایەن خودی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و نواندنێکی زۆر جیاوازی دەستپێکرد، ئەم پلانە کە لەلایەن سەرۆک بافڵ سەرپەرشتی دەکراو خۆشی وەک پاڵەوانێک لە ڕیزی پێشەوە بەردەوام دەبینرا، وتارێکی درووستی ئامانجداری هەڵگرتبوو، ئەم هەڵبژاردن و بانگەشەیە تەواو جیاواز بوو، بۆ کەرکووکییەکانیش مژدەهێنەربوو .
بانگەشەی هەڵبژاردن لەلایەکی دیکەشەوە پرۆسەی دەنگدان و جیاكردنەوەی دەنگەكان بەو سیستمەی کۆمسیۆن متمانەهێنەر بوو بۆ یەکێتی، ڕاگەیاندنی ئەنجامەبەراییەکان لەو ساتە درێژنەکردنەوەی کاتەکەی شەرعیبوونی زیاتری بە پرۆسەکە بەخشی، بوونی کەمترین سکاڵا و بیدەنگی شەقامی سیاسی شاهیدی جوانیی پرۆسەکە بوون.
ئەم سەرکەوتنەی یەکێتی بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ هەنگاوە جوانەکانی سەرۆک بافڵ و بانگەشەی جوانی هەڵبژاردن لەو شارەی تینووی بۆ ئیدارەدانی یەکێتی، تەواوی چەند ڕۆژەی بانگەشەی یەکێتی دژی بەهیچ کەس و لایەنێک نەبوو، ڕاستگۆیانە بوو و نەیاری بۆ خۆی درووست نەکرد، هیچ بەڵێنێك نەدرا کە توانای جێبەجێكردنی نەبێت، ئەم بانگەشەیە خۆی لە قسەی زل و بەڵێنی پووچ درووخستەوە پێچەوانە بەرانبەرەکانی، قسەکانی یەکێتی و سەرۆکەکەی هاوتەریب بوو لەگەڵ خەڵک و ئازارەکانی.
ئەوەی گرنگە لەئێستاوە و هەقە بپرسین یەکێتی چی بۆ شاری کەرکووک دەکات؟ بە دڵنیاییەوە وەڵام دەدەینەوە یەکێتی خاوەنی بیرۆکە و جێبەجێکردنی ئەو بانگەشە جوانە بوو کە دەرئەنجامەکەی ئەو سەرکەوتنە گەورەی لێ هاتە ئەنجام، ئەوەی قۆناغی دووەمە پلانی ئەوەش دانراوە چۆن خزمەت بە تەواوی کەرکووکییەکان بکرێت بە هەموو نەتەوەکانەوە، یەکێتی ئەوەش مسۆگەر دەکات کە چوار ساڵی داهاتوو رێژەی دەنگەکانی زیاد بکات و کورسی زیاتر لە ئەنجومەنی پارێزگا و ئەنجومەنی نوێنەران بە دەستبهێنێت، هەروەها یەکێتی کار بۆ ئەوە دەکات نەیارەکان لە خۆی رازیبکاتەوە و متمانە درووستبکاتەوە دەتوانین لێرەوە ناوبنێن قۆناغی جێبەجێکردنی پلان بۆ کەرکووکییەکان لەسەربنەمای توێژینەوە و راپرسیی خزمەتکردنی شار، سەلمێنەری زیادکردنی دەنگەکانی یەکێتی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا ئەویش بەئامانجگرتنی پلانەکە دێتە دی، هەروەها دەنگە زیادکراوەکانی یەکێتی لەم هەڵبژاردنەدا پێویستیبوونی یەکێتی بوو بۆ شارەکە لە کۆتایشدا دەبێت گۆڕانکاری درووستبکرێت کە ببێتە سیما و ئامانجە جوانەکەی دیموکراسی کە ئەویش بەدڵنیاییەوە کاری بۆ دەکرێت.
لەلایەکی دیکەشەوە جوڵە و قسەکانی سەرۆکی یەکێتی ببووە مانشێتی میدیاکانی دەرەوەی یەکێتی، ئەوەندەی لەو میدیایانە دەبیندرا گەرموگوڕی زیاتری بە پرۆسەکە دەدا، قسە و جوڵەکانی سەرۆکی یەکێتی دووربوون لە موزایەدەی سیاسیی پێویست نەبوونی پیاهەڵدان کە شەڕ بوو بەرگریکردن لە خاک و نەتەوە و دوورخستنەوەی دەسەڵاتی کەمینە بەسەر زۆرینەدا بوو، ئەوەی ماوەتەوە لە کۆتایدا بڵێم لەئێستاشدا شارەکە پیویستی بە سازان و رێککەوتن هەیە بۆ درووستکردنی حکومەتێکی خۆجێی بۆ خزمەتی شاری کەرکووک، لێرەوە یەکێتی پێشڕەوی دەکات.
ئەم وتارە دەربڕی ڕای نووسەر خۆیەتی