Page Nav

HIDE

Grid

GRID_STYLE

Pages

latest

بە کوشتدانی فەلەستینییەکان لەنێوان حەماسی حەماس و دنەی ئێرانییەکان


 بە کوشتدانی فەلەستینییەکان لەنێوان حەماسی حەماس و دنەی ئێرانییەکان

نووسین و ئامادەکردن: هۆرڤان رەفعەت

ئەمڕۆ 107 رۆژی تەواو بەسەر هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووی هێزە چەکدارەکانی حەماس لەکەرتی غەززەی فەلەستین بۆسەر باکوور و رۆژئاوای ئیسرائیل (کە خاکی داگیرکراوی فەلەستینییەکانە) تێدەپەڕێت!

 لەم شەڕەدا کێ براوەیە و کێ دۆڕاوە؟

لە راستیدا (فەلەستینییەکان و ئیسرائیلییەکان وەکو خەڵکی سڤیل دۆڕاوی یەکەمن) بەڵام (ئیسرائیل و دەزگای هەواڵگری مۆساد + هاوبەشەکانیان) لەگەڵ دەزگای هەواڵگری ئیتڵاعاتی ئێران براوەی یەکەم و دووەمن.

هێزە شەڕکەرە بەوەکالەتەکانی حەماس و هێزە بەکرێگیراوەکانی وەکو  حوسسیەکانی یەمەن و میلیشیاکانی  لوبنان و سوریا و عێراق و حزبوڵا پاشان سوپای پاسداران دۆڕاوی یەک لەدوای یەکی شەڕەکەن، چونکە زۆرترین زیانی دارایی و گیانیان هەبووە.

من کە لە سەرەتاوە پاڵپشتی هێرشە حەماسییەکەی حەماسم نەدەکرد بۆ سەر ئیسرائیل و دڵخۆشنەبووم پێی هۆکارەکەی ئەوەبو لێم دیاربو کە دوای 100 رۆژی جەنگ چ ئەنجامێکی خراپی دەبێت!!

تەماشای ئەم ئامارانە بکەن…

زیانی گیانی


تائەمڕۆ کە ڕۆژی 107ی جەنگە

تا ئێستا 24 هەزار و 448 هاوڵاتی مەدەنی بێ چەکی  فەلەستینی کوژران.

نزیکەی 10 هەزار و 210 کەس لە کوژراوەکان منداڵن واتە هەر رۆژێک لە سەرەتای شەڕەوە 100 منداڵ کوژراون

نزیکەی 3 هەزار ژن و خانم لە فەلەستین کوژران 

واتە لەسەدا 54ی کوژراوەکان ژن و منداڵن

هەزار و 100 منداڵ قاچێک یان هەردوو قاچیان لەدەستداوە بەپێی ئاماری رێکخراوی تەندروستی جیهانی WHO

بەڵام تا ئێستا تەنها  1410 ئیسرائیلی بە مەدەنی و سەربازەوە کوژراون کە نزیکەی 530 کەسیان سەرباز و پۆلیس بوون 

33 منداڵی ئیسرائیلی کوژراون بەپێی ئاماری دەزگای OCHA ی ئیسرائیلی

زیاتر لە 60 هەزار هاواڵاتی مەدەنی فەلەستینی کوژراون

بە گوتەی میدیای نافەرمی فەلەستینی 3800 چەکداری حەماس کوژراون و میدیای ئیسرائیلش دەڵێت زیاتر لە 8 هەزار چەکداری حەماسمان کوشتووە (من خۆم باوەڕم بە ئاماری هەردووکیان نییە و ورد نیین ئامارەکانیان)


کوژرانی رۆژنامەنووسان

٨٣ رۆژنامەنووس کوژراون

٧٦ رۆژنامەنووسیان فەلەستینین

٤ رۆژنامەنوسیان ئیسرائیلین

٣ رۆژنامەنووسیان لوبنانین

٣١٥ کارمەندی تەندروستی و پزیشک

٥٥ کرێکاری بیانی کوژران کە زۆرینەیان نیپاڵین

زیانی گیانی ئاژەڵان لە فەلەستین

بەپێی گوتەی بەرپرسی باخچەی ئاژەڵانی رەفەح لە باشووری غەززە، بۆ رۆژنامەی زە ستانداردی بەریتانی : “زیاتر لە 2500 سەگ و پشیلە و ئاژەڵی دیکەی

ماڵی لە فەلەستین لە کاتی بۆردوومان لەناوچوون و ئێستاش بەهۆی کەمبوونەوەی خواردنەوە و ژمارەیەکی زۆری دیکەی ئاژەڵ لە برسێتیدا مرداربوونەتەوە، هەروەها لە سنووری رەفەح لە باشووری غەزە لەسەر سنووری فەلەستین و میسر ، هێزە ئەمنییەکانی دەروازەی سنووری رەفەح لە دیوی میسر رێگا نادەن، ئاژەڵەکان لەگەڵ خاوەنەکانیان دەربازی میسر بن و بردنە ژوورەوەی ئاژەڵی ماڵی و نا ماڵی بۆ میسر قەدەخەیە”.

زیانی ماددی

لەسەدا 50 بۆ 55ی شاری غەززە خاپوور بووە و جێگای ژیانی تێدا نەماوە و لەسەدا 45ی خاکی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە داگیرکراوە ، زیاتر لە ملیۆنێک و 900 هەزار واتە لەسەدا 85ی هاوڵاتی فەلەستینی ئاوارەبوون .

تەماشا بکەن

غەزە دەکرێت بە 5 بەشەوە، کۆی گشتی دانیشتوانەکەی بە نزیکەیی 2 ملیۆن و 100 هەزار کەسە کە (لەسەدا 95ی مسوڵمانی سوننە و شیعە) و لەسەدا 5یشی کریستیان و جوون.

بەشی باکوری غەزە

شوێنی ژیانی 430 هەزار کەس بو

ئێستا لەسەدا 68 بۆ 81ی باڵەخانەکانی رووخاون و کەڵکی ژیانیان نەماوە

بەشی ناوەندی سەرووی (شاری غەززە) 

شوێنی ژیانی 731 هەزار کەس بو

ئێستا لەسەدا 71 بۆ 83ی باڵەخانەکانی رووخاون و کەڵکی ژیانیان نەماوە

بەشی ناوەندی خواروو (دێر بەلح)

شوێنی ژیانی 310 هەزار کەس بو 

ئێستا لەسەدا 30 بۆ 39ی باڵەخانەکانی رووخاون و کەڵکی ژیانیان نەماوە

بەشی باشوور (خان یونس)

شوێنی ژیانی 426 هەزار کەس بو 

ئێستا لەسەدا 38 بۆ 49ی باڵەخانەکانی رووخاون و کەڵکی ژیانیان نەماوە

بەشی باشووری تەواو (رەفەح)

شوێنی ژیانی 267 هەزار کەس بو 

ئێستا لەسەدا 18 بۆ 27ی باڵەخانەکانی رووخاون و کەڵکی ژیانیان نەماوە

واتە بەکۆی گشتی بە نزیکەیی لەسەدا 55ی غەززە تەواو وێران بووە و کەڵکی ژیانی نەماوە و 1 ملیۆن و 500 هەزار کە لە دانیشتوانەکەی ئاوارەبوون.

94 نەخۆشخانەی فەلەستین رووخاون بەهۆی بۆردوومانەوە بەپپێی ئاماری WHO

37” قوتابخانەی فەلەستین رووخاون بەهۆی بۆردوومانەوە بەپێی ئاماری UNICEF

ئاماری کوژراوە بیانی و فەلەستینییەکان

لوبنان

بەگوتەی میدیا فەرمی حیزبوڵا تا ئێستا 146 چەکدار و فەرماندە و خەڵکی کە بە رەچەڵەک لوبنانین لە خاکی لوبنان و فەلەستین کوژران و کە خەڵکی شارەکانی (نەبەتیە - هەرمل - بەعلەبەک - بیقاع - بەیروت - پارێزگاکانی باکور)

سوریا

بەگوتەی میدیا فەرمی سوپای پاسدارانی ئێران، تا ئێستا 23 سەرباز و راوێژکاری سەربازی و فەرماندەی سەر بە سوپای پاسداران کە نزیکایەتییان هەبوە لەگەڵ حکوومەتی سوریا و حزبوڵای لوبنانی لە دیمەشق و پارێزگاکانی باشوری سوریای نزیک لوبنان کوژران 

یەمەن

بەگوتەی میدیای حوسییەکانی یەمەن، تا ئێستا نزیکەی 10 چەکداری حوسییەکان لە هێرشەکانی ئەمریکا و بەریتانیا بۆ سەر پێگەکانیان کوژراون، هاوکات میدیا ئەمریکا دەڵێت ٦٠ پێگەیان خاپوور کراوە و ژمارەیەکی زۆر چەکداریان کوژراون.

فەلەستین

بەگوتەی میدیای ئیسرائیلی، تا ئێستا نزیکەی 8 هەزار چەکدار و فەرماندەی هێزەکانی حەماسیان کە غەزە کوشتووە، بەڵام ئەم ئامارە لەلایەن هیچ دەزگایەکی سەر بە بزووتنەوەی حەماسەوە پشتراستنەکراوەتەوە!

ئیسرائیل

بە گوتەی میدیا نافەرمی فەلەستینی 3800 چەکداری حەماس کوژراون و میدیای ئیسرائیلش دەڵێت زیاتر لە 8 هەزار چەکداری حەماسمان کوشتووە ، هەروەها میدیا ئیسرائیل دەڵێت 530 سەرباز و فەرماندە و پۆلیسمان کوژراوە.

بەکۆی گشتی 

خاکی غەززە   لەسەدا 55ی باڵەخانەکان کاولبووە و لە سەدا 85ی خەڵکەکەی ئاوارە بووە

هاوکات سەدا 45ی خاکەکەشی ئێستا لەژێر پێی ئیسرائیلییەکاندایە و داگیرکراوە

 حەماس دەڵێت “ئێمە ژێرزەویمان لە سوپای زایۆنی کردووە بە جەهەننم”، خۆ ئەگەر ئەو قسەیەی حەماس راستیش بێت، هاوکات قسەکەی ئیسرائیلیش راستە کە دەڵێت “ئاسمان و سەر زەویمان بۆ حەماس کردووە بە جەهەننەم”.

من دەزانم ئەمانە تاوانی جەنگن و ئیسرائیل و مۆساد و پشتیوانەکانیان لێی بەرپرسیارن! 

بەڵام کێ ئەوەندە گەمژەیە بۆ چالاکییەکی فیدایی هێرشکاری و سەرکەوتنێکی چوار پێنج کاتژمێری و کوشتنی 100 بۆ 200 سەربازێکی دوژمن ئەو هەموو قوربانییە بە خەڵک و خاکی خۆی دەدات؟

ئەمەی حەماس کردی نەخوێدنەوەی باڵانس و هێز بو نەک سیاسەت

ئەمە خۆ بەکوشتدانە نەک شەڕ بۆ خاک و خەڵک و خوا

ئەمە جێبەجێکردنی پلانێکی حەماسی بو !

ئێوە پێتان وایە دەزگای مۆساد هیچ ئاگاداری هێرشی 7ی ئۆکتۆبەر  نەبووە؟

ئێوە پێتان وایە 1000 چەکداری حەماس و نزیکەی 100 بەرپرسی سیاسی و مەدەنی و لۆجیستی حکوومەتی غەززە و حەماس کە سەرپەرشتی داڕشتنی پلانی هێرشەکەیان کردووە تاکە کەسێکی تێدا نەبوە کو پلانەکەی دزە پێکردبێت بۆ ناو خێزان و هاوڕێ و دەزگا هەواڵگرییە پەیوەستەکان و دۆستە پشتیوان و هاریکارییەکانیان؟

وەڵامەکەی بۆ خۆتان جێدەهێڵم!

بەڵام ئەم هێرشە، باشترین دەرفەت و باشترین هەڵەی چاوەڕوانکراو و باشترین هەڵەی دڵخوازی مۆساد بووە تا ئەو هێرشەی چەنێکە دەیانویست بیکەنە سەر غەزە و پاڵپشتییەکانیان لە لوبنان و سوریا و عێراق ئەنجامی بدەن و ئامانجەکانیان بپێکن.

هەروەها باشترین دەرفەتیش بوو بۆ ئێران تاوەکو هیلالە شیعییەکی خۆی و هێڵە بەرگیریکارییە ئیسلامییە وەلائییەکی فراوانتر و بەهێزتر و پڕچەکتر بکات و زیاتریش هێرشەکانی خۆی بۆ سەر نەیار و رێگرەکانی لە هەرێمی کوردستان و عێراق و سوریا و لوبنان رەوایەتی پێبدات و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بۆ جەمسەرگیرییە ئیسلامیبونەکەی پڕ کێشەتر بکات بۆ دوورخستنەوەی کێشەکان لەخۆی.

بەڕێزان تەماشای ئەم زیانە زۆرانە و تەماشای ئەم پشت پەردانەشتان کرد!

ئایا لە شەڕی وەکالەتی حەماس بۆ ئێران و شەڕی دەرفەت ئاسای ئیسرائیل کێ سوودمەند بو کێ زیانی کرد!!!؟

تێبینی: ئامارەکان کۆکراوەی 107رۆژی جەنگن لە زیاتر 30 سەرچاوەی باوەڕپێکراوی وەشانکاری هەواڵگری و سیاسی ئینگلیزی و عەرەبی، هەر ژمارەیەک لە زیاتر لە 5 دەزگای باوەڕپێکراو چێکم کردووە.