✍️ئیسماعیل ئەحمەد
لەمادەی یەکەمی دەستوری عێراقدا هاتووە کە کۆماری عێراق دەوڵەتێکی فیدراڵی یەکگرتووی سەربەخۆیە ، لێرەدا دەمەوێت خوێندنەوەیەک بۆ فیدراڵییەتی عێراق بکەم بزانین ئایا کە لە دەستوردا ئاماژە بە فیدراڵییەت کراوە لە ئەرزی واقع و فەزای سیاسیدا وەک خۆی جێبەجێ کراوە یان تەنیا وەک دروشمێک بەکاردەهێنرێت.؟؟
بەکورتی فیدرالیزم یان فیدرالییەت، شێوازێکە لە شێوازەکانی حوکومڕانی کە تیایدا دەسەڵاتەکان بەگوێرەی دەستوور دابەشکراون لە نێوان حکوومەتی ناوەندی و یەکەی تری حکوومەتی بچووکتر (وەک: ھەرێم و ویلایەتەکان)، ئەو دوو ئاستە ئاماژەپێکراوەی حکوومەت پشت بەیەکتری دەبەستن و بەشداری لەسەروەری دەوڵەت دەکەن و دابەشی دەکەن.
ئەمریکا لە دوای ٢٠٠٣ و ڕوخانی ڕژێمی دیکتاتۆری ویستی ئەو دیمۆکراسییەی لە ئەمریکا هەیە بیگوازێتەوە بۆ عێراق ودەقاودەق هەمان سیستەم کۆپی بکات لە عێراق دا و بیکاتە خاوەن سیستەمێکی دیمۆکراسی فیدراڵی دەستوری ، بەڵام بێئاگا لەوەی زانستی سیاسی پیمان دەڵێت چ جۆرە سیستەمێک باش و گونجاوە بۆ هەر میللەت و نەتەوەیەک و بە پێێ شوێنی جوغرافیا و دانیشتوان و ژینگە دەگۆڕێت، بۆیە بە درێژای 20ساڵ دەردەکەوێت کە نە دیمۆکراسی و نە فیدراڵی سیستەمێکی گونجاو نییە بۆ عێراق و گەلەکەی .
بە پێێ پۆلێنی ئەفلاتوون و ئەرستۆ حوکومەتیان دابەش کردووە بۆ شەش جۆر بەڵام عێراق بە کردەوە پەیڕەوەی جۆری ستەمگەرییە ، هەروەها بەپێی دابەشکارییەکەی مۆنتیسکۆ کە سێ جۆر سیستەمی حوکومرانی باس دەکات کە بریتین لە ( کۆماری و پاشایەتی و دیسپۆتیزم) لێرەدا مۆنتیسکۆ ستایشی پاشایەتی و کۆماری دەکات و هێرش دەکاتە سەر حوکومەتی دیسپۆتیزم ، چونکە پێی وایە کۆماری و پاشایەتی دوو جۆری میانڕەون و بە شیوازێکی پۆزەتیڤ لێیان دەروانێت ، بەلام دیسپۆتیزم ئەو حوکومەتەیە کە هیچ سنورێكی یاسایی و ئەرێنی نیەو خۆی سەرپشک بکات لە هەموو کارێکی سیاسی و ئابووری و سەربازى و کارگێری و دارایى . بەگشتی مانای خراپ و هاوشانی ستەمی هەیە و وا دەکات حکومەت و پەرلەمان و دامەزراوەی دادوەری هیچ بەهایەكی نەمێنێت و لەدەرەوەی دامەزراوەی حوکومەت کەسانێک هەیە و دەتوانن حوکومەت بەڕێوەببەن و نا دادی و ستەمکاری وا دەکات خەڵک له دۆخێکی خراپ بژین . لە کاتێکدا فەلسەفەی دروست بوونی دەوڵەت و حوکومەتەکان و کۆمەڵگەی رێکخراو بۆئەوەیە کە خۆشبەختی و بەختەوەری و بەرژەوەندی گشتی بەدی بهێنن .
هەر ئەمەشە وای كردووە زۆرجار بە حوکومەتى کەسێک یا هێز و حزبێک ناوزەند بکرێت و بتوانن حوکمڕانی خراپ بکەن و ناوچەیەک یا شارێک بکەن بە ناوەندی بڕیاردان و ناوچەکانی تر وەلابنرێت هەر بۆیە زۆربەی رەخنەگران و نەیاران و فەیلەسووفەكان بە شێوەیەک هاوڕان لەسەر ئەوەی نەبوونی یاسا و دەستورێكی هەمیشەیی هۆکارێکە بۆ ئەم جۆرە حوکومڕانیە ئەمەش وا دەکات پلەبەندی کۆمەڵایەتی و پلە و پایەی بازرگانی دروست بێت و کەسانێک حوکومەت بەڕێوە ببن لە ڕیگەی دەسەڵاتی سەربازی دەتوانن دەستبگرن بەسەر ئابووری ووڵات و ببن بە بازرگانى گەورە ، هەر ئەمەش وای كردووە هیچ رێز و شکۆیەک بۆ خەڵکی دانەنرێت و خەڵک له دۆخێكی خراپ بژین.
لە حکومەتی ستەمگەرو دیسپۆتیزمدا گۆمەڵگەی سیاسی بەشێوەیەک بەرێوە دەچێت گوێ بەهیچ جۆرە چاکسازی و ریفۆرم نادات بەڵکو حکومەت خۆی دەتوانێت هەرچ شتێكى بووێت بیکات و هەرچ شتێك مەترسی بێت لەسەر حوکومەتەکە و دەسەڵاتەکەی بەهێز و چەک رووبەڕووی ببێتەوە.
بۆیە بە پێێ ئەو دابەشکارییە عێراق جگە لە حوکومەتێکی دیسپۆتیزم و ستەمگەری هیچی تر نییە چونکە دادگاو یاسا و دەستور هیچ ئەرزشێکیان نییە ، بەڵکو ئاخوندێک و عەمامەبەسەرێکی مەزهەبی و میلیشیای حیزبی دەسەلاتیان زیاترە ، چونکە هیچ قورساییەکیان بۆ دام و دەزگا یاسایەکان نە هێشتۆتەوە ، هەروەها عێراق لە بنەڕەتەوە بۆ عێراقییەکان دروست نەکراوە بەڵکو بەپێێ بەرژەوەندی دەوڵەتان دروست کراوە و لەسەر حسابی نەتەوەی کورد و خاکی کورد بۆتە خاوەن دەوڵەت .
ئەم وتارە دەربڕی ڕای نووسەر خۆیەتی