Page Nav

HIDE

Grid

GRID_STYLE

Pages

latest

هۆشیاری کرێکاران لەقەزای بازیان لەئاستێکی مەترسیداردایە

 

✍️عەبدوڵای مەلاخدر

 قەزای بازیان لەڕووی پیشەسازیەوە ناوچەیەکی گرنک و ستراتیژیە بەهۆی بوونی ڕێژەیەکی زۆر لەکارخانەو کۆمپانیای گەورەو مامناوەندو بچوکەوە لەهەموو بوارێکدا، کەبووەتە مایەی وەگەڕخستنی هێزی کارو دەستی کرێکار تێیدا. ئەم ناوچە پیشەسازیە قازانجێکی خەیاڵی دەستەبەرئەکات بۆ خاوەنکارو حوکمەت، بەڵام بۆ کرێکاران مەرگەساتەو تەنها مووچەیەکی کەم کە بەئاستەم بتوانێت ژیانێکی باش وتەسەلی بۆدابین بکات. 

قەزای بازیان ناوچەیەکی کشتوکاڵی گرنگە بۆ خەڵکی ناوچەکە کەساڵانە دانەوێڵە، سەوزەو بەرهەمی سپیایی لێرەوە هەناردەی شارەکان و ناوچەکانی تری کوردستان دەکات، ئەمەش دیسانەوە هۆکارێکی گرنگە بۆ دروستبوونی دەستی کارو هێزی کرێکار بەشێوەیەکی فراوان. بەڵام بەداخەوە کشتوکاڵ بەم ئاستە بەرزە لەدۆڵی بازیاندا نەبووەتە هۆی جوڵەیەکی ئابووری گەشەسەندوو کەبتوانێت بازاڕی کار بۆکرێکاران و زەحمەتکشێان فەرهەم بکات. ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەری خراپی داناوە لەسەر بەرەوپێش چوونی ناوچەکە بۆئەوەی بتوانێت ئاوەدانیەکی زیاتر بدات بەبازاڕو کارو کاسبی خەڵکیش بباتە ئاستێکی باشترەوە. 

 نەبوونی هەلی کارو بێکاری کەمەر شکێن، دیاردەیەکە کەنەک تەنها ناوچەی بازیان، بەڵکو سەرتاپاگیرەو هەموو کوردستان و ناوچەکەشی گرتۆتەوە. هەر ئەمەش هۆکاری سەرەکیە بۆچەوساندنەوەی زیاترو زەقتری کرێکاران لەکەمکردنەوەی مووچەو کاری ڕۆژانەی کرێکاریی، لێبڕینی مووچە، کرێ و حەقدەستی زۆر کەمی ڕۆژانەی ١٠ و١٢ هەزار دیناری کەناتوانێت مەسرەف و تێچووی شیرەخۆرەیەک دابین بکات. هەر ئەم بێکارییە دەردێکی کوشندەیە کەکرێکاران لوول ئەدات بۆناو دەیان کێشەو گرفتی کۆمەڵایەتی و خێزانی و لەبەریەک هەڵوەشاندنەوەی نەسیجی گشتی کۆمەڵگا.. 

بێکاری کاریگەرترین چەکە بەدەست خاوەنکارو کۆمپانیاکانەوە کەدەستی بۆئەبات لەپێناوی قازانج و کەڵەکەی سەرمایەی زیاتر بەقیمەتی وێرانکردنی کرێکاران و زەحمەتکێشان. بەقیمەتی دووبەرەکی دروستکردن و ئاژاوە نانەوە لەنێوان ئەواندا.. هەر ئەم چەکە کاریگەرە توانیویەتی ڕیزەکانی کرێکاران وپەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانی ئەوان بشێوێنێت و دوورەپەرێز لەیەکتری ڕایانبگرێت و بیانخاتە سەنگەری دژی یەکترییەوە.. کاتێک کرێکاران ماندەگرن و خۆپیشاندان ئەکەن بۆ کەمکردنەوەی سەعاتی کارو زیادکردنی مووچەو دۆخی ژیانیان، کۆمپانیاو خاوەنکار بەئاسانی دەتوانێت بەترسی دەرکردنیان لەکار کرێکاران بێدەنگ و خامۆش بکاتەوەو لەسەر چۆک دایانبێتەوە، چونکە لەدەرەوەی کارگەدا هەزاران هەزار بەتاڵ و بێکار هەیەو ئەیانخاتە جێگای ئەوان بەپارەیەکی زۆر کەمتریش لەوان. هەربۆیە دەردی بێکاری کرێکار ناچار دەکات مل بدات بەخراپترین دۆخی کارو کەمترین مووچەو حەقدەستەکەی، تەنها لەبەر ئەوەی هیچ نەبێت بەتاڵ و بێکار نەبێتەوەو بەناچاری مل بەکۆیلەبوونی خۆی بدات.. 

ناوچەو دۆڵی بازیان هەتا دەگاتە ئەودیو چەمچەماڵیشەوە، بەبەراوورد بەو هەموو کارگەو ناوەندە کرێکارییانەوە دەبوایە زۆرترین کرێکاران و زەحمەتکێشانی ئەوێ چانسی زیاتری کاریان هەبوایەو بێکاری لەدەرگای زۆرینەی ماڵەکانی نەدابایە.. دەبوایە زیاترین کەس لەدانیشتوانەکەی لەناوکارو کارکردندا بوایەو هیچ کەسێکیش لەخەمی پەیداکردنی نانی ڕۆژانەدا نەبوایە وەکو ئێستا کەزۆرینە بەتاڵ و بێکار شەقام و کۆڵان ئەپێون و لەمەیدانی کاردا چاوەڕێی کەسێک بکەن بۆکرێکاری بەکەمترین حەقدەستەوە، یان مقەباکۆکردنەوەو دەستگێڕی لەپێناوی چەند هەزار دینارێک کەتەنها دووعەلاگە میوە ناکات. بەڵام بەپێچەوانەوە! خودی کارگەکان خۆشیان بەشێک بوون لەپیسکردنی ژینگەو هەوای ناوچەکەو بەم هۆیەوە یەکێک بوون لەهۆکاری سەرەکی تووشبوون بەڕێژەیەکی زۆری شێرپەنجەو نەخۆشیە تووندەکان کەئاوا بێدەربەستانە ڕووبەڕووی خەڵکەکەی کراوەتەوەو ژیانیان دووجار لێناهەموارو تاڵکردوونەتەوە، نەک هەرئەوەش، بەڵکو تەنانەت ڕێگاوبانەکانیش بەهۆی ئەوانەوە ستاندارێتی خۆی لەدەستداوەو هێندەی تر خراپ و نالەبار بووەو هیچ لایەکیش خۆی بەبەرپرسیار نازانێت بەرامبەر بەم هەمووە تراژیدیایەی کەڕووبەڕووی خەڵک کراوەتەوە..  ئیتر با خراپی ئاوو کارەباو خوێندن و پیس بوونی ژینگەش لەولاوە بوەستێت.

هەموو ئەوانە بەزۆر فەرز کراوە بەسەر ئێمەدا، بەڵام بۆیەک سات بهێننە پێش چاوی خۆتان ، ئەگەر بەگشتی خەڵک و بەتایبەتیش کرێکاران یەکگرتوو بن، ئەگەر بەڕیزی خۆیانەوە پەیوەست بن و بەهێزی بکەن، ئەگەر خۆیان ڕێکخراو بکەن لەژێرسێبەری ڕێکخراوێکی واقیعی خۆیانداو مەشوەرت بەیەکتری بکەن، ئایا ئەمە بەس نیە کەکرێکاران بتوانن بەم فشارە مەزنە خواستەکانیان بسەپێنن و ڕێگا لەهجوم و پەلامارەکانی ئەوان بگرن لەپێناوی ژیانێکی باشتر لەئێستایاندا؟ باشە ئەگەر وابکەن، ئەدی چ زەرەرێک لەخۆیان و لەبەرژەوەندییەکانیان ئەدەن؟ ئایا ئەمە باشترین ڕێگا نیە بۆ بوار ڕەخساندن و دەرگا کردنەوەش بەڕووی هەزاران بێکاردا بۆناو بازاڕی کارو کارکردن کەناوچەکەمان خنکاوە بەهۆی بێکارییەوە؟ ئایا ئەم ڕێگایە باشتر نیە بۆخزمەتی خۆمان و ناوچەکەش؟

 هیوادارم خەڵکی بەڕێزی قەزای بازیان و ناوچەکە بابەتیانە لەم وتارەی ئێمە تێبگەن و کەسمان لێ زویرنەبێت، چونکە ئێمە ئامانجمان لەیەکتری نزیکبوونەوەیە بەمەبەستی بەرەوپێشبردنی چینی کرێکاران لەقەزای بازیان کەتەنها کۆبوونەوەمان لەدەوری یەکترو دیاری کردنی نەخۆشیەکان، هۆکارو چارەسەرەکانی، خاڵەهاوبەشەکانمان دەتوانن ئێمە هۆشیاربکەنەوەو گرێمان بدەنەوە بەیەکەوە لەپێناوی باشترکردنی دۆخی ژیانمان و پێشکەووتنی ناوچەکەمان لەهەر ڕوویەکەوە، وەلانانی ململانێی مەزهەبی و ئایدۆلۆژی و ناکۆکی حیزبی و سیاسی، دەتوانێت ئێمە هۆشیاربکاتەوەو بۆ هەڵگرتنەوەی هەنگاوی جددی بەرەو ژیانێکی ئاوەدان و خۆشگوزەران.  


 - ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ بڵاوكراوه‌ی ده‌نگی كرێكار ، ژماره‌ 51 بڵاوکراوەتەوە.