Page Nav

HIDE

Grid

GRID_STYLE

Pages

latest

لێکەوتە خراپەکانی لێدانی بیر لەبازیان

 

 

🖋️ فەرمان عومەر

ساڵی پار ئە‌و ئەو بەڕێزانەی ڕاسپێردرابوون کە چارە‌سە‌ری كە‌مئاوی قە‌زای چە‌مچە‌ماڵ ھە‌ستان بکەن، هەڵسان لە ئاوی بۆری دوكان كە‌ بۆ بازیان  و چە‌مچە‌ماڵ ئە‌ڕوات، ڕێژە‌ی پێدانی ئاوی ‌(بازیان و ئە‌ڵلای و بە‌ردە‌قارە‌مان  و گۆپاڵە‌)كە‌م كردە‌وە‌و خستیانە سەر بەشە ئاوی  قەزای چە‌مچە‌ماڵ، بە ئەو پلانە فاشیلە  بەشی ئاوی سنوری بازیانیان کەم کردەوە و  نەشتوانرا کێشەی کەم ئاوی چەمچەماڵی چارەسەر بکرێت ، تا ئێرە‌ ئاساییە‌ و قبوڵیشمان كرد بە‌و ھیوایە‌یە‌ی ببینە‌ بە‌شێك لە‌ چارە‌سە‌ری كە‌مئاوی خوشك و برایانمان لە‌ چە‌مچە‌ماڵ لە‌ ساڵی ڕابردوودا.


ئەو بەڕێزانەی لە پلانی پارساڵ فەشەلیان هێناو نەیانتوانی کۆتایی بە قەیرانی کەم ئاوی چەمچەماڵ بهێنن، ئە‌مساڵ لەگەڵ جێبەجێکردنی کەم کردنەوەی ڕێژە‌ی ئاوی سنوری بازیان ‌، لە‌گە‌ڵ ئە‌وە‌شدا ھاتوون پلانێکی مەترسیدارتر و فاشیلتریان جستۆتە بەردەم بەوەی چەندین بیری قوڵ لە دەربەندی بازیان لێبدەن و ئاوەکەی رەوانەی قەزای چەمچەماڵ بکەن، لەکاتێکدا هەموو مرۆڤێکی ژیر دەزانێت قە‌یران بە‌ قە‌یران چارە‌سە‌ر ناکرێت، خۆ ئە‌گە‌ر ئە‌و بیرانە‌ لێبدرێت كە‌ بڕیاری جێگری پارێزگاری لە‌سە‌رە‌، نەک یەک قەیران چەندین قە‌یرانی نوێ دروست دەکات کە دەبێتە قەیرانێكی دەستکردی مەترسیدار كە‌ لێكە‌وتە‌ی خراپی دە‌بێت لەوانە:

١-لە کاتێکدا‌ سە‌دا سی و دوو ٪‏٣٢ ی ئابوری ھە‌موو عێراق كە‌وتۆتە‌ دۆڵی بازیانە‌وە‌ و بە‌ شادە‌ماری ئابوری كوردستانیش ناسراوە‌، کە چەندین کارگەی پیشەسازی جۆراو جۆر لە سنوری بازیان بوونیان هەیە و ئەمەش قەیرانی ئاو بۆ ئە‌و ھە‌موو كارگە‌یە دروست دەکات و بگرە هەندێکیان پەکدەخات، کە لە دورمەودا زیانی گەورە بە ئابوری سنوری پارێزگای سلێمانی دەکەوێت.

٢- لە سنوری بازیان زۆرترین خانووی پلاستیكی تێدایە کە رێژەیەکی زۆری سەوزە و میوەی سلێمانی و تەنانەت هەرێمی کوردستانیش دابین دەکات، بە لێدانی ئەو بیرانە ئاستی ئاو بە جۆرێک دادەبەزێت کە سەدان خانووی پلاستیکی بێ ئاو دەبن و سەدان خێزانیش بێکار دەبن.

٣- ڕێژە‌یە‌كی زۆری ماڵان كە‌ بیری تایبەت بە خۆیان ھە‌یە‌، بەهۆی لێدانی ئەو بیرانەوە ئاستی ئاوی بیری هاووڵاتیان دادەبەزێت و ووشک دەبن و ئیتر رێژەیەکی زیاتر لە هاووڵاتیان ئاوی بۆڕی دوکان بازیان بەکار دەهێنن و بەمەش قەیرانێکی نوێی کەمی ئاو سەرهەڵدەدات و بێگومان هیچ چارەسەرێکتان لەبەردەستدا نابێت!

بۆچی بە ئەنقەست قەیرانی ئاو لە سنوری بازیان دروست دەکەن كە‌باش دە‌زانن چارە‌سە‌ر لە‌و سنورە‌ نیە و لە شوێنێکی ترە، کە چەندین ساڵە دانیشتوانی چە‌مچە‌ماڵ داواکارن پرۆژە‌ی ڕاكێشانی ئاوی (گۆپتە‌پە‌—چە‌مچە‌ماڵ) جێبەجێ بکرێت کە تاکە چارە‌سە‌رە بۆ کۆتایی هێنان بە قەیرانی كە‌م ئاوی قەزای چەمچەماڵ.

بۆیە‌ داواكاریمان لە‌ قایمقامیەتی قە‌زای بازیان و  خە‌ڵكی خۆڕاگری سنوری قەزای بازیان ئە‌وە‌یە‌ ڕێگا لە پلانی بێ ئاوكردنی قە‌زاكە‌ بگرن، ئەگەر ئەو کارە سەربگرێت لە چەند ساڵی داهاتوودا ماڵ بە ماڵ و تاک بە تاکی سنوری قەزای بازیان بە قورسی باجەکەی دەدەن و ئێستا چۆن چەمچەماڵ گیرۆدەی قەیرانی کەم ئاوییە و پێیان چارەسەر ناکرێت، دڵنیابن هەمان قەیرانی کەم ئاوی یەخەی ئێمەش دەگرێت و هێز نییە چارەسەری بکات.

 ‌ ئەم وتارە دەربڕی ڕای نووسەر خۆیەتی ‌