Page Nav

HIDE

Grid

GRID_STYLE

Pages

latest

کەم ئاوی چەمچەماڵ بە کونکردنی دڵی بازیان چارەسەرنابێت


 

🖋️ ئیسماعیل ئەحمەد

لە وەرزی هاوین قەزای چەمچەمال کێشەی ئاوی خواردنەوەی بۆ دروست دەبێت ، ئەمە بۆ ماوەی چەندین ساڵە ئەم کێشەیە بەردەوامە و هەوڵی چارەسەرکردنەکان نەزۆک بوونە ، ئەوەی ئێستا نیازیان هەیە بیکەن و بە نوسراوی فەڕمی کە واژۆی جێگری پارێزگاری سلێمانی لەسەرە داواکراوە کە نزیکەی ١٠ بیر  بە گوژمەی ( 1,900,000,000یەک ملیار و نۆسەد ملیۆن دینار ) لە بازیان ( کانی شەهیدان ) لێبدرێت ، کەئەمەش  ئەبێتە یەکێکی تر لەکێشەکان کە ڕووبەڕووی بازیان دەبێتەوە . ئەوە ئاشکرایە کە بازیان ناوچەیەکی کشتوکاڵی بووە لە ڕابردوودا ، بەڵام بەهۆی بەپیتی خاکەکەی لە ئێستادا بووەتە ناوچەیەکی پیشەسازی و چەندین کارگە لە سنوری قەزای بازیان بوونیان هەیە ، وەک ئاشکرایە ئەم هەموو کارگەیە پێویستی بە ڕێژەیەکی زۆر لە ئاوە لەگەڵ ئەوەشدا بازیان لەیەکەمین ئەوشوێنانەیە کە خاوەنی خانووی پلاستیکییە لەسەر ئاستی کوردستان ئەمەش ڕێژەیەکی ئاوی زۆری پێویستە . هەروەها ڕێژەی دانیشتوانی بازیان ساڵ دوای ساڵ لە بەرزبوونەوەدایە . بۆیە ئەگەر بە وریاییەوە مامەڵە نەکرێت ئەوا بازیان لە داهاتوودا ڕووبەڕووی کێشەی کەم ئاوی دەبێتەوە و لە ناوچەیەکی گرنگ و بەپیت بەرەو ناوچەیەکی وشک و بێ ئاو هەنگاو دەنێت، بۆیە بە کونکردنی خاکی بازیان کێشەی کەم ئاوی قەزای چەمچەماڵ چارەسەرنابێت ، کێشەی ئەو قەزایە لەوە گەورەترە کە بە هەڵکەندنی ١٠ بیر چارەسەرببێت ، باشترین چارەسەر بۆ ئەو قەزایە پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵە . 

یەکەمین ئەرکێک کەئەکەوێتە سەرشانی بەڕێز قایمقامی بازیان کە ڕێگری بکات لەو پرۆژەیەو نەهێلێت کە ئاوی بازیان بۆ هیچ شوێنیک ڕابکێشرێت . 

ئەرکی دووەم لەسەر شانی خەڵکی قەزای بازیانە کە ئەبێت هەڵوێستیان هەبێت و ڕێگری بکەن لە بەهەدەردانی سامانی نیشتیمانی قەزاکە . 

تکا ئەکەم چیتر بازیان سزا نەدرێت و لەوەزیاتر ڕووبەڕووی کێشەی نەکەنەوە سەرەڕای بوونی ئەم هەموو کارگەیە بەڵام هێشتا قەزای بازیان کێشەی زۆرێک لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی هەیە ، لەجیاتی سزادانی بازیان تکایە خزمەتی بازیان بکەن ، چونکە ئەم قەزایە شادەماری ئابووری نەک کوردستانە بەڵکو عێراقیشە . بۆیە وەک ژینگەکەتان پیسکردووین ئاوەکەشمان مەبەن کە قەزای بازیان لە پێشی ئەو شوێنانەوەیە کە خاوەنی پیسترین ژینگەیە ، بازیان ئەبێت خزمەت بکرێت نەک سزابدرێت .  

 ‌ ئەم وتارە دەربڕی ڕای نووسەر خۆیەتی ‌