Page Nav

HIDE

Grid

GRID_STYLE

Pages

latest

ئۆتۆمبێل بە قیست دەدرێت بە فەرمانبەرانی تەندروستی

 

هاوژین عوسمان سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای كارمەندانی تەندروستی ڕایگەیاند ، ئێوارەی ئەمڕۆ لێكتێگەیشتنێك لەگەڵ كۆمپانیایەكی بواری ئۆتۆمبێل واژوودەكەن كە ئۆتۆمبێل بە شێوەی قیست و بە داشكاندن بدرێـتە كارمەندانی تەندروستیی سلێمانی و دەشڵێت، سەرجەم خاڵەكانی لێكتێگەیشتنەكە لە بەرژەوەندیی كارمەندانی تەندروستیدایە.

هاوژین عوسمان ڕاشیگەیاند، ئەو لێكتێگەیشتنە لە بەرژەوەندیی كارمەندانی تەندروستییە و پێشتر گرێبەستی دیكە بۆ پێدانی ئۆتۆمبێل بۆ مووچەخۆرانی دیكە كراوە و چەند كەموكوڕییەكی تێدابووە، بەڵام ئەو لێكتێگەیشتنەی ئێمە دەیكەن ئەو گرفت و كەموكورتییانەمان چارەسەركردووە.


سەرۆکی لقی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی دەڵێت، "کۆمپانیای چێریی لقی سەرەکیان لە بەغدایە، لە هەولێر لقیان هەیە و سێ مانگە لە سلێمانیش لقیان کردووەتەوە. ئۆفەرێکمان لێ وەرگرتوون کە بۆ هەر ئۆتۆمبێلێک نزیکەی هەزار دۆلار داشکاندن بکەن، ئەوەش لە ئۆتۆمبێلێک بۆ ئۆتۆمبێلێکی دیکە دەگۆڕێت؛ هاوکات پارەی ڕسووماتی ئۆتومبێل و ژمارە وەرناگیرێت.

بەگوتەی هاوژین عوسمان، شەش مانگ گەرەنتییان لە کۆمپانیاکە وەرگرتووە بۆ گێڕ و مەکینە و کاروباری کارەبایی ئۆتۆمبێلەکە و دەشڵێت "بۆ ماوەی ساڵێک، خزمەتگوزارییەکانی گۆڕینی رۆن و هایدرۆلیک لەسەر کۆمپانیاکە دەبێت. یەکێکی دیکە لە خاڵە هەرە گرنگەکان ئەوەیە؛ خەڵک مامەڵەکانی دیکەی هاوشێوەی بەگومانەوە دەکرد، چونکە مامەڵە لەگەڵ سێ لایەن دەکرا ، ئەوانیش بانک، کۆمپانیا و رێکخراو بوون، بەڵام ئێمە راستەوخۆ لەگەڵ کۆمپانیا مامەڵە دەکەین و هیچ بانکێک لە نێوانماندا نییە، واتە خەڵک کە بچێت مامەڵە بکات، دەچێتە بەشی ژمێریاریی کۆمپانیاکە."

سەرۆکی لقی سەندیکای کارمەندانی تەندروستیی لەبارەی قیستی ئۆتۆمبێلەکە دەڵێت، "لە ئۆتۆمبێلێکەوە بۆ ئۆتۆمبێلێکی دیکە جیاوازە؛ بۆ نموونە 40٪ـی پارەکە دەدەیت و 60٪ـی بە قیستی سێ ساڵ دەدرێت و 8٪ـی دەچێتەسەر، چونکە هیچ کۆمپانیایەک نییە بێ سوود بیکات."

هاوژین عوسمان دەڵێت، کۆمپانیای چێریی لە هەولێریش لقیان هەیە و ئەو ئۆفەرە فەرمانبەرانی تەندروستیی هەولێریش دەگرێتەوە.