دیلان سیروان - بازیان میدیا
لە ماوەی مانگی تەممووزی ڕابردوودا، هەرێمی کوردستان کەوتووەتە ژێر شەپۆلێکی توندی هێرشە ئاسمانییەکان، بە شێوەیەک لە ماوەی ٣١ ڕۆژدا ٨٨ هێرشی مووشەکی و درۆنی تۆمار کراون و بە هۆیانەوە ٢٥ هاووڵاتی و پێشمەرگە بوونەتە قوربانی.
بەپێی ئامارە بەرکەوتوو و بەدواداوچوونە میدیاییەکان، لە ڕێکەوتی ١ی تەممووز تاوەکو ٣١ی تەممووز، بەهۆی ئەو هێرشانەوە ١٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٥ کەسی دیکەش بریندار بوون.
دابەشبوونی جوگرافیی هێرشەکان لە مانگی تەممووزدا:
- پارێزگای هەولێر: زۆرترین پشکی هێرشەکانی بەرکەوتووە، بە جۆرێک بە ٦٦ درۆن و ٢ مووشەک هێرش کراوەتە سەر شوێنە جیاوازەکانی سنووری پارێزگاکە و بنکەکانی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
- پارێزگای سلێمانی: بە ١٠ مووشەک و ٩ درۆن کەوتووەتە ئامانج (لەوانە ناوچەکانی تاسڵوجە، سوورداش، چەمچەماڵ و زڕگوێزەڵە).
- پارێزگای هەڵەبجە: کەوتنی پارچە مووشەکێک لە گوندی عەنەب تۆمار کراوە.
کوژراو و بریندارە دیارەکانی مانگەکە:
- ١٧ی تەممووز (زڕگوێزەڵە - سلێمانی): کوشتنی ١٠ پێشمەرگەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی کوردستانی ئێران.
- ١٩ی تەممووز (کەمپی پاک - هەولێر): برینداربوونی ٨ پێشمەرگەی پارتی ئازادیی کوردستان.
- ٢٢ی تەممووز (دۆڵی ئالانە - هەولێر): برینداربوونی ٧ پێشمەرگەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان.
کۆبەندی گشتیی ئامارەکانی ئاڵۆزییە ئاسمانییەکان:
- کۆتایی مانگی تەممووز: تەنها لە ڕۆژی ٣١ی تەممووزدا، ٥ هێرشی درۆنی بۆ سەر کەمپی ئازادی لە کۆیە، سازمانی خەبات لە خەبات و باشیک تۆمار کراون.
- بەراورد بە مانگی حوزەیران (مانگی ٦): لە مانگی حوزەیراندا ١٦ هێرشی ئاسمانی تۆمار کرابوون (١٢ لە هەولێر، ٢ لە سلێمانی و ٢ لە ئاکرێ)، کە ئەمەش دەریخات هێرشەکان لە مانگی تەممووزدا زیاتر لە ٥ بەرامبەر زیادیان کردووە.
- ئاماری گشتی (لە ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٦ەوە): لە سەرەتای هەڵگیرسانی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەوە، هەرێمی کوردستان بە زیاتر لە ٩٥٠ مووشەک و درۆن هێرشی کراوەتە سەر، کە تاوەکو ئێستا بووەتە هۆی شەهیدبوونی ٣٢ کەس و برینداربوونی ١٥٤ کەسی دیکە.
