✍️یاسین ئەحمەد
بڕیارە کارگەیەکی نوێی چیمەنتۆ لە سنووری قەزای بازیان دروستبکرێت، بەمەش کۆی کارگەکانی چیمەنتۆ لە قەزای بازیان دەبنە شەش کارگە و بەپێی زانیارییەکان مۆڵەت دراوە بە چەند کارگەیەکی دیکەی چیمەنتۆ کە لە بازیان دروستبکرێن.
هەرچەندە هاوڵاتییانی قەزای بازیان لەگەڵ بوژانەوەی ناوچەکەدان و دامەزراندنی کارگە بەهۆکاری بوژانەوەی ئابووری و ڕەخساندنی هەلی کار دەزانن، بەڵام داواکارن کە سروشتی ناوچەکە لەبەرچاو بگیرێت و نەبێتە هۆی پیسکردنی ژینگە و مەترسی بۆسەر تەندروستی گشتی و لەناوچوونی گوندەکان و زەوی کشتوکاڵی.
قەزای بازیان پێکدێت لە دۆڵێکی بچووکی داخراو کە توانای دامەزراندنی ژمارەیەکی زۆر کارگەی نییە بەتایبەت چیمەنتۆ و ئاسن، چونکە کاریگەریی خراپییان لەسەر شێواندنی سروشتی ناوچەکە و پیسکردنی ژینگە هەیە، بۆیە دەبێت چیتر مۆڵەت نەدرێت بە دروستکردنی کارگەی نوێی چیمەنتۆ و ئاسن و ئەوانەشی کە دامەزراون پابەندی جێبەجێکردنی یاسا و ڕێنماییە ژینگەییەکان بکرێن.
ئەو کارگە نوێیەی بڕیارە دروستبکرێت دەکەوێتە سنووری گوندی کۆیکەوە و تەنها (٢کم) لە ناوەندی قەزای بازیانەوە دوورە، لەسەر زەوی کشتوکاڵی دروستدەکرێت و ڕووی بایەکەی بەرەو شوێنی نیشتەجێبوونی چڕی دانیشتوانە، هاوڵاتییان دەپرسن چۆن مۆڵەت دەدرێتە کارگەیەك کە بەپێچەوانەی یاسا و ڕێنماییەکانی ژینگەوە دروستبکرێت، چونکە بەپێی ماددەی سێیەمی ڕێنمایی پۆلێنی پرۆژەکان و ڕەزامەندیی ژینگەیی لە هەرێمی کوردستان ژمارە (١)ی ساڵی (٢٠٢٤)ی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە لە هەرێمی کورستان نابێت دووری پرۆژە پیشەسازییەکانی وەك کارگەکانی چیمەنتۆ لە شوێنی نیشتەجێبوون لە (٥کم) کەمتر بێت و پێویستە (٥کم) لە دەرەوەی سنووری شارەوانی بێت، هەروەها بە ئاراستەی بای (باو) بێت، ئەم کارگەیە کە بڕیارە دروستبکرێت دژی ئەم ڕێنماییەیە.
هەروەها بەپێی خاڵی سێیەمی یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگە ژمارە (٨)ی ساڵی (٢٠٠٨) لە هەرێمی کوردستان قەدەغەیە دامەزراندن و بنیادنانی هەر چالاکییەکی پیشەسازی یان بازرگانی یان خزمەتگوزاری لەسەر زەوی کشتوکاڵی، وە بەپێی خاڵی چوارەم قەدەغەیە گۆڕینی ڕەگەزی زەویوزار لە کشتوکاڵییەوە بۆ نیشتەجێبوون یان پیشەسازی یان بازرگانی یان خزمەتگوزاریی، وە بەپێی خاڵی یەکەم قەدەغەیە هەر چالاکییەکی بە ڕێگەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ ببێتە هۆی زیانگەیاندن بە خاکی زەوی کشتوکاڵی یان خراپکردنی یان پیسکردنی، هەروەها قەدەغەیە ڕاماڵینی زەوی کشتوکاڵی یان گواستنەوەی خۆڵەکەی بەمەبەستی بەکارهێنانی لە غەیری زەوی کشتوکاڵی، بەپێی بەندەکانی ئەم یاسایەش دروستکردنی ئەو کارگەیە پێچەوانەی پاراستنی ژینگەیە.
هەربۆیە هاوڵاتییانی قەزای بازیان داواکارن کە یاسا و ڕێنماییە ژینگەییەکان وەك خۆیان جێبەجێبکرێن و ڕێگە نەدرێت ئەو کارگەیە لەو شوێنە دروستبکرێت و ببرێتە شوێنێك کە مەرجەکانی پاراستنی ژینگەی تێدابێت.
