Page Nav

HIDE

Grid

GRID_STYLE

Pages

latest

هاتووچۆی سلێمانی بڕیارێکی نوێی لەبارەی نوێکردنەوەی مۆڵەتی تاکسی و ماتۆڕسکیل ڕاگەیاند

 


دیلان سیروان - بازیان میدیا

​بەشی مۆڵەت لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی ئاگادارییەکی ئاراستەی شۆفێرانی تاکسی و خوازیارانی مۆڵەتی ماتۆڕسکیل کرد، لەبارەی گۆڕانکاری لە ڕێکارەکانی نوێکردنەوە و دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی هاتووچۆی سلێمانی، پێویستە شۆفێرانی تاکسی لە کاتی نوێکردنەوەی مۆڵەتەکانیاندا، دوای سەردانیکردنی لیژنەی پزیشکی، سەردانی بەشی مۆڵەت بوبکەن تاوەکو نووسراوی فەرمییان بۆ بەڕێوەبەرایەتیی بەڵگەکانی تاوان بۆ بکرێت بە مەبەستی هێنانی بەڵگەنامەی ئەستۆپاکی (عدم المحكومیة).

​سەبارەت بەوانەی دەیانەوێت بۆ یەکەمجار مۆڵەتی تاکسی وەربگرن (چ مۆڵەتەکە تایبەت بێت یان گشتی)، پێویستە سەرەتا لە بەشی مۆڵەتەوە نووسراویان بۆ لیژنەی پزیشکی بۆ بکرێت تاوەکو لە شیاویی تەندروستییان دڵنیا ببنەوە.

بەهمەن عەبدوڵڵا، گوتەبێژی هاتووچۆی سلێمانی ڕایگەیاند، ئەم بڕیارە لەسەر داوا و ڕێنمایی ڕاستەوخۆی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، بە ئامانجی ڕێکخستنەوەی کەرتی گواستنەوەی گشتی و دڵنیابوونەوە لە ڕابردووی ئەو کەسانەی کار لە بواری تاکسیدا دەکەن.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت کراوەتەوە، ئەو هاووڵاتییانەی دەیانەوێت مۆڵەتی شۆفێریی ماتۆڕسکیل وەربگرن، دەبێت ڕێکاری سەردانیکردنی لیژنەی پزیشکی ببرڕن. هاوکات دوایین مۆڵەت و ڕێککەوت بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی پێدانی مۆڵەتی ماتۆڕسکیل، تاوەکو ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦ دەبێت.