دیلان سیروان - بازیان میدیا
ئەمڕۆ سێشەممە، ١٨ی ئابی ٢٠٢٦، ئاگرێک لە تەنیشت بینای پارێزگای سلێمانی سەری هەڵدا و لە کاتێکی پێوانەییدا لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە ڕامالرا و کۆنترۆڵ کرا.
فازڵ عومەر، قایمقامی سلێمانی بە وەکالەت، لە بارەی ڕووداوەکەوە ڕایگەیاند، ئاگرەکە لە کاتی بەتاڵکردنی تانکەرێکی هەڵگری بەنزیندا کەوتووەتەوە، بەڵام بە هۆی گەیشتنی خێرای تیمەکانی بەرگریی شارستانی، توانرا لە کەمتر لە کاتژمێرێکدا بە تەواوی بکوژێندرێتەوە.
قایمقامی سلێمانی بە وەکالەت ئاماژەی بەوەش کرد، ڕووداوەکە جگە لە زیانی مادی، خوشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە. هاوکات لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوەی ورد کردووە بۆ دیاریکردنی هۆکارەکانی کەوتنەوەی ئاگرەکە و گرتنەبەری ڕێکاری پێویست.
