Page Nav

HIDE

Grid

GRID_STYLE

Pages

latest

ئاگادارییەک لە وەزارەتی کارەباوە؛ سیستەمی ئۆتۆماتیکیی بڕینی کارەبا بۆ نەدەرانی قەرزەکان چالاک دەکرێت


دیلان سیروان - بازیان میدیا

​وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند ڕێنماییەکی نوێی لەبارەی دانی پارەی پسوولەی کارەبا لە پڕۆژەی ڕووناکی بڵاوکردەوە و جەخت دەکاتەوە کە بەپێی سیستەمی ئۆتۆماتیکی، کارەبای سەرپێچیکاران و نەدەرانی قەرزەکان دەپچڕێندرێت.

​مۆڵەتی ٥٠ ڕۆژ و مەرجی گەڕاندنەوەی کارەبا:

بەپێی ڕێنماییە نوێکان، بۆ سەرجەم هاوبەشانی پڕۆژەی ڕووناکی ماوەی ٥٠ ڕۆژ دیاریکراوە بۆ پاکتاوکردنی قەرز و دانی پارەی پسوولەکانیان. ئەم ماوەیەش لەو کاتەوە هەژمار دەکرێت کە پسوولەکە لە سەکۆی پارەدانی دیجیتاڵیی حکومەتی هەرێمی کوردستان (ئی-پسوولە) دەردەکەوێت.

​ئەو هاوبەشانەی لە ماوەی ئەو ٥٠ ڕۆژەدا پارە نادەن، سیستەمەکە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی کارەباکەیان دەبڕێت. دوای پاکتاوکردنی قەرزەکەش لە ڕێگەی (ئی-پسوولە)، لە کەمتر لە ٢٤ کاتژمێردا کارەباکەیان بۆ چالاک دەکرێتەوە. وەزارەت ئاماژەی بەوەش کردووە کە بنەمای ئەم ڕێکارە بۆ ڕێنماییەکانی ساڵی ٢٠١٩ دەگەڕێتەوە و ئێستا خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

​دادپەروەری لە دابەشکردنی وزە و قەرزە کۆنەکان:

وەزارەتی کارەبا ڕوونی کردووەتەوە، بڕینی کارەبای سەرپێچیکاران بۆ بەرگرتنە لە نادادپەروەری بەرامبەر ئەو هاوبەشانەی لە کاتی خۆیدا پارە دەدەن. هاوکات داوا لە هاووڵاتییان دەکرێت قەرزە کۆنەکانی پێش پڕۆژەی ڕووناکیش بدەنەوە، چونکە لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەو قەرزانەش دەخرێنە ناو سیستەمی بڕینی ئۆتۆماتیکییەوە.

​وەزارەت جەختیش دەکاتەوە کە زیاتر لە ٨٠٪ی هاوبەشانی ماڵان لە پڕۆژەی ڕووناکیدا، پارەیەکی زۆر کەمتر لە نرخەکانی موەلیدەی ئەهلی دەدەن و لە کارەبایەکی ٢٤ کاتژمێریی بێدەنگ و پاک سوودمەند دەبن.

​چوار ڕێگە بۆ تۆمارکردن و وەرگرتنی کورتەنامەی ئاگادارکردنەوە:

بۆ ڕێگری لە بڕانی کارەباکەیان، هاوبەشان دەتوانن لە ڕێگەی ئەم هەنگاوانەوە خۆیان تۆمار بکن تا پسوولەکانیان بە کورتەنامە پێبگات:

  1. ​سەردانی ماڵپەڕی فەرمی: پڕکردنەوەی فۆڕم لە ماڵپەڕی ⁠runaki.gov.krd⁠.
  2. ​سکانکردنی QR Code: بەکارهێنانی کۆدی سەر پسوولەی کارەبای ماڵان.
  3. ​هێڵی گەرم: پەیوەندیکردن بە ژمارە 1992ی سەنتەری خزمەتگوزاریی پڕۆژەی ڕووناکی.
  4. ​سەردانی مەیدانی: سەردانیکردنی نزیکترین هۆبەی فرۆشیاریی وزە لە ناوچەکەیان.