دیلان سیروان - بازیان میدیا
لێپرسراوی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی بازیان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ (بازیان میدیا) ڕایگەیاند، نرخی ئەمپێڕێک کارەبای موەلیدە ئەهلییەکان لە سنووری قەزای بازیان بۆ مانگی حوزەیران (مانگی ٦)، لە نێوان ١٢,٥٠٠ دینار بۆ ١٣,٥٠٠ دینار دیاریکراوە.
لێپرسراوی لیژنەکە ڕوونی کردەوە کە بەهۆی بەرزیی نرخی سووتەمەنییەوە (گاز)، نرخی هەر کاتژمێرێک کارکردنی موەلیدە ئەهلییەکان بە ٥٣ دینار خەمڵێنراوە. ئاماژەی بەوەش کرد لە ماوەی مانگی حوزەیراندا، موەلیدەکان لە نێوان ٢٣٥ تاوەکو ٢٥٥ کاتژمێر کارەبایان بۆ هاووڵاتییان دابین کردووە.
لە سنووری قەزای بازیان ١٨ موەلیدەی ئەهلی کار دەکەن، کە لە کاتی بڕانی کارەبای نیشتمانیدا، کارەبا بۆ هاووڵاتییانی ناوچەکە دابین دەکەن.
