دیلان سیروان - بازیان میدیا
لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی پابەندییە داراییەکان و ڕێککەوتنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ڕادەستکردنی بڕێکی دیکەی داهاتی نانەوتیی بە حکومەتی فیدراڵ ڕاگەیاند.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە (١٠ی ئایاری ٢٠٢٦)، لەسەر بڕیاری وەزارەت، بڕی ٥٠ ملیار و ٢٩٢ ملیۆن و ٢١٣ هەزار دینار وەک داهاتی نانەوتیی مانگی نیسان ڕادەستی حکومەتی فیدراڵ کراوە.
وەزارەتی دارایی ڕوونی کردووەتەوە، کە ئەم بڕە پارەیە بە شێوەی نەقد (کاش) خراوەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
ئەم هەنگاوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک جێبەجێکردنی مەرجە دەستووری و یاساییەکان سەیر دەکرێت بۆ سەرخستنی گفتوگۆ بەردەوامەکانی نێوان هەردوو لایەن، بە مەبەستی چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشە داراییەکان و زامنکردنی شایستە داراییەکان و مووچەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان.
