✍️دیلان سیروان - بازیان میدیا
کاتێک باس لە سامانی سروشتیی کوردستان دەکەین، کێڵگەی غازی "کۆرمۆر" وەک گەورەترین و دەوڵەمەندترین سەرچاوەی وزە لە ناوچەکەدا دێتە پێش چاو. کێڵگەیەک کە حکومەتی هەرێم ساڵانێکە خەونی پێوە دەبینێت وەک جێگرەوەیەک بۆ غازی ڕووسیا هەناردەی بازاڕەکانی جیهانی بکات، کەچی لە واقیعدا هاووڵاتییانی هەرێم بۆ تەنیا بتڵێک غاز دەبێت دەیان کاتژمێر لە سەرەدا بوەستن. ئەم پارادۆکسە نیشانەی شکستێکی گەورەی کارگێڕی و خەمساردییە بەرامبەر بە بژێویی خەڵک.
بەغدا و مۆدێلی کارتی ئەلیکترۆنی؛ بۆچی ئێمە نا؟
لە کاتێکدا حکومەتی فیدراڵ لە بەغدا هەنگاوی گەورەی ناوە بۆ سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆژیا و "کارتی ئەلیکترۆنی" بۆ دابەشکردنی سووتەمەنی، جیاوازیی نرخەکان لە نێوان هەرێم و ناوەند گەیشتووەتە ئاستێک کە ویژدان دەهەژێنێت. لە بەغدا، هاووڵاتی تەنیا بە ٦٠٠٠ دینار بتڵێک غاز وەردەگرێت، لە کاتێکدا لێرە لە ناو جەرگەی غازی کۆرمۆردا، دەبێت بە ١٠ یان ١٢ هەزار دینار و بە شەڕە سەرە بیکڕێت.
ئەم جیاوازییە تەنیا لە غازدا نییە؛ لێرە لیترێک بەنزین دوو ئەوەندەی بەغدایە کە لەوێ تەنیا ٤٥٠ دینارە. بۆ وەرزی زستانیش، هاووڵاتییەکی عێراق ٢٠٠ لیتر نەوتی سپی تەنیا بە ٣٠ هەزار دینار پێ دەگات، بەڵام لێرە هاووڵاتی دەبێت پێنج ئەوەندەی ئەو پارەیە بدات تا ماڵەکەی گەرم بکاتەوە.
دیجیتاڵکردن بۆ خزمەت یان بۆ باج؟
حکومەتی هەرێم کە هەمیشە باس لە "دیجیتاڵکردن و حکومەتی ئەلیکترۆنی" دەکات، بۆچی لە سێکتەری سووتەمەنیدا ئەم تەکنەلۆژیایە بەکارناهێنێت؟ ئایا دیجیتاڵکردن تەنیا بۆ وەرگرتنی باج و ڕسوماتە، یان بۆ خزمەتکردنی خەڵکیشە؟ ئەگەر بەغدا توانیویەتی غازی ماڵان ڕێکبخات و مانگانە ٢ بتڵ بە نرخێکی هەرزان بداتە خێزانەکان، چی ڕێگرە لەبەردەم هەرێم کە هەمان مۆدێل پەیڕەو بکات و کۆتایی بە قۆرخکاریی بازاڕی ڕەش بهێنێت؟
وەفایەک بۆ کۆرمۆر و کوردستانییەکان
ناکرێت هەرێمی کوردستان خاوەنی کێڵگەیەکی وەک کۆرمۆر بێت و خەڵکەکەی لە خەمی بتڵێک غازدا بن. ئەمە شەرمەزارییەکی گەورەیە کە غازی ئێمە خەونی پێوە ببینرێت بۆ هەناردەکردن، بەڵام هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە سەرەی غازدا بن.
کاتی ئەوە هاتووە حکومەتی هەرێم وەک بەغدا، دابەشکردنی سووتەمەنی بکاتە ئەلیکترۆنی و نرخەکان هاوتا بکاتەوە، تا چیتر هاووڵاتیی کورد نەبێتە قوربانیی خەمساردیی بەرپرسان.
