✍️دیلان سیروان
بەپێی بڕیاری پەرلەمانی کوردستان ، ڕۆژی (16)ی نیسانی هەموو ساڵێك کراوەتە ڕۆژی ژینگە لە هەرێمی کوردستاندا، لەو ڕۆژەدا چالاکی جۆراوجۆر ئەنجامدەدرێت لە بواری پاراستنی ژینگەدا.
قەزای بازیان وهك ناوچهیهکی پیشەسازی گرنگ لەهەرێمی کوردستان و عێراق چهند ساڵێکه باس له پیسبوونی ژینگهی بازیان دهکرێت ، ئەگەر چی ساڵانە لەچەندین چالاکییدا سەدان نەمام دەڕوێنرێت ، بەڵام تا ئێستا ڕووبەری سەوزایی ڕێژەی ستانداردی تێنەپەڕاندووە کە لەڕووبەری گشتی سنووری قەزای بازیان کە 353 کم² ، تەنها 68.2 کم² ڕووبەری سەوزاییە ، لهئێستادا پاراستنی ژینگهی بازیان یهکێکه له گرنگترین باس وخواس و خهمی دانیشتوانی قەزای بازیان بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە ژینگەی بازیان لەپێشینەی کارەکانی ڕێکخراوەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی پەیوەست بەژینگەوە نییە.
ئەمڕۆ لە هەموو بستێکی ئەم نیشتیمانە کە هەستی ژیان و ژینگە دۆستی تێبدابووبێت ، بەسەوزکردن و ڕاگرتنی کەمێک لە کارەکانیان یادی ئەو ڕۆژەیان کردەوە.
کەچی ئەمڕۆ لەسنووری قەزای بازیان ، ناوچە پیشەسازییە گرنگەکەی هەرێمی و کوردستان و عێراق ، نە حکومەت و نە کارگە و نە هیچ ڕێکخراوێک چالاکی ژینگەیی نەبوو.
ساڵانە لە وەرزی هاویندا بەهۆی کەمتەرخەمی و کەم ئاودانەوە چەندین دار وشک دەبن ، کەچی نەکەس سزا دەدرێت ، نە داریش لەشوێنیان دەچێنرێتەوە.
ڕۆژانە کارگە و کۆمپانیاکان بەبیانوی جیاجیا دوکەڵ و پاشەڕۆی قورس دەکەنە ئاو و خاک و هەواوە کەس سزا نادرێت.
لە ڕۆژی ژینگەی کوردستان ، تەنها بە وتەیەکیش بێت بیرێک لە بازیان بکەنەوە.