✍️ پ.ی.د.دڵشاد زاموا
- سێ سەدە لەمەوبەر، فەلەکناسی کورد، شێخ حەسەنی گڵەزەردە لە ڕووانگەکەیەوە لە چیای گڵەزەردە، لە ئاسمانی دەڕوانی و جوڵەی مانگ و ڕۆژی دیاریدەکرد، بۆ ڕاگەیاندنی سەرەتای ڕەمەزان، جەژنەکان، و وەرگەڕانی وەرزەکان هەر لەسەر چیای گڵەزەردە ئاگری دەکردەوە، بەم شێوەیە هەموو ئاوەدانی و لادێکانی دەشتی شارەزوور و سلێمانی و قەرەداغ و دەوروبەری بەو پەیامی ئاگرە هەواڵی جەژن و گۆڕانکارییەکانی وەرزەکانیان دەزانی.
- دوو سەدە لەمەوبەر میرنشینی سۆران لە نێوان قەڵای ڕواندوز و قەڵاتی هەولێردا زیاتر لە پێنج قەڵاتی دروستکردبوون، هەریەکێک لەو قەڵایانە بە ئاسانی مەشخەڵکی قەڵاکەی تری لێوەدیاربوو، لەبەرئەوە هەر لەشکر و مەترسییەک لە دەشتی هەولێرەوە بەڕێبکەوتایە لەڕێگەی ڕاوەشناندنی مەشخەڵەئاگر بە خێرایی لەسەر قەڵاتی هەولێر، بانەمان-خانزاد، دێرێ، دوێن و قەڵاتی خارواتان لە چیای بەنی هەریرەوە دەگەیشتە پایتەختی میرنشین لە رواندز.
- دوو هەزار و چوارسەد و بیست و سێ ساڵ لەمەوبەر، کاتێک لەشکری گریکی زەینەفۆن بە چیاکانی خاکی کاردۆخیادا تێپەڕین، چیانشینانی کوردستان لەڕێگەی ئاگرکردنەوەوە پەیامە سەربازییەکانی خۆیان دەگەیاند.
- نەورۆزیش بەهەمان شێوەیە، ئاگرکردنەوە لەسەر لوتکەی چیاکانی ئەم نیشتیمانە تەنها پەیامی هاتنی وەرزێکی نوێیە، لەهەمان کاتیشدا کۆتایی ڕێبەندان و سەرما و بەفرە، کە بە درێژایی مێژوو دەرفەتێک بووە بۆ خەباتکارانی ئەم چیایانە ڕاپەڕین و ڕاماڵینی دەسەڵاتی ستەمکاری داگیرکار و ستەمکاری ناوخۆیی لەگەڵ هاتنی ئەم وەرزەدا ڕابماڵن، ئەم پەیامی سەرکەوتنەش هەر بە کردنەوەی ئاگر و گەیاندنی مژدەی سەرکەوتن بە ڕاوەشاندنی مەشخەڵی ئاگر لە چیاکانەوە بووە بۆ دەشت و دۆڵ و چیاکانی بەرامبەر.
- ئەمڕۆ دوو ئاڕاستە بە نەزانی لە نەورۆز و ئاگرکردنەوەکەی دەڕوانن، ئاڕاستەیەک بە شانازییەوە ئەم ئاگرە وەک ئاگرپەرستی سەیردەکەن، و پێیان وایە باپیرانی کورد ئاگرپەرست بوون، و تەنانەت دێڕە سرودی "چاووگی ئاگر هێز و گیانمە باوەڕی بەرزی کوردستانمە" وەک راستییەکی مێژوویی دەڵێنەوە!
- ئاڕاستەیەکی تر، کە زیاتر وەک پەرچەکرداری ئاڕاستەی یەکەمن، ئاگرکردنەوەی نەورۆز بە ئاگرپەرستی دەزانن، ئەمەش بۆخۆی کێشەیەکی ترە لە نەزانینی پەیامەکانی ئاگرکردنەوە لە سەر چیاکانی کوردستان.
- بێگومان ئەم ئاڕاستانە مێژووی دێرینتریان هەن، لە سەردەمی ساسانیدا کە دەوڵەت، زەردەشتی وەک ئاینی فەرمی دەناساند، و بۆ مەرامە سیاسی و سەربازییەکانی خۆی بەکاری دەهێنا، ئەوکات بەشێکی گەورەی خەڵکی رۆژئاوا و باکور و باشوری کوردستان شوێنکەوتەی ئاینی مەسیحی بوون، کوردە مەسیحییەکان لە تۆمار و دەستنووسەکانیاندا زەردەشتییەکانیان بە شوێنکەوتەی ئاینێکی ئاسمانی نەدەزانی، وەک ناتۆرە پێیان دەوتن ئاگر پەرست، ئەم ئاڕاستەیە دواتریش لە سەردەمی ئیسلام و تا ئێستاش بەردەوامە، لەکاتێکدا ئاگرپەرستی شتێکە و بە پیرۆزدانانی ئاگر و بەکارهێنانی وەک بەشێک لە ڕێوڕەسمە ئاینییەکان شتێکی ترە.
- هەرچەندە لە دەقی ئینجل و قورئاندا وەک ئاینێکی ئاسمانی داندراون، بەڵام لە ئەدەبیاتی مەسیحی و ئیسلامیدا، مەجوس(کە لەوانەیە ناوەکەیان لە ناوی کاهینی ماگوشەوە وەرگیرابێ) بە ئاگرپەرست داندراون، لەلای زەردەشتی ئاگر وەک پیرۆزییەک سەیرکراوە، نەک وەک خواوەندێک! هەرچەندە لەلایەن پاشایانی ساسانییەوە زەردەشتییەت تێکەڵ بە پەرستنی بتە دێرینەکانیش کرابوون، و لەپاڵ خواوەند ئاهورامەزدا دا، خواوەندەکانی ئاناهیتا و میتراش دەپەرستران.
- نمونەیەکی ڕوونی ئاگرپەرستی لەکۆندا بەم شێوەیە بووە: سێ هەزارساڵێک لەمەوبەر لە دەقە مێخییەکاندا خواوەندی (گیڕڕو) دەرکەوت، پەرستگەی سەرەکی لە شاری ئاشور لەسەر ڕووباری دیجلە بوو. دیمەنێکی هونەریش هەیە کە ژن و پیاوێک نوێژ بۆ ئاگر دەکەن و دەیپەرستن.
![]() |
دیمەنێکی هونەریش هەیە کە ژن و پیاوێک نوێژ بۆ ئاگر دەکەن و دەیپەرستن |
کەواتە ئەو ئاگرەی شێخ حەسەنی گڵەزەردە بۆ راگەیاندنی سەرەتای ڕەمەزان و جەژن و گۆڕانکاری وەرزەکان دەیکردەوە، و مەشخەڵی ئاگری سەربازانی کاردۆخی و میرنشینی سۆران و ئاگری نەورۆزی سەر چیاکانی کوردستان تەنها ئاگری گەیاندنی پەیامی گۆڕانکاری و هاتنی وەرزی نوێ و جەژن یان هاتنی سوپای دوژمن یان شکستی بوون، هاتنی بەهاریش کە بۆ هەموو ڕووەک و زیندەوەرێک لە سروشتدا سەرەتای نوێبوونەوە و لەدایکبوونە، کاریگەری لەسەر مرۆڤیش هەیە، و دەستپێکی کشتوکاڵ و ژیانێکی نوێیە، لەبەرئەوە هەر لە سەردەمە دێرینەکانەوە بە چەندین ناو و جەژنی جیاواز پێشوازی لە هاتنی ئەم وەرزە کراوە.
هیوادارین خۆمان لە هەردوو ئاڕاستە نەزانییەکە بپارێزین، ئەو ئاڕاستەیەی کە نەورۆز و ئاگرەکەی بە شانازییەوە پەیوەست دەکەنەوە بە ئاگرپەرستی و زەردەشتییەوە، و ئاڕاستەکەی تریش کە وەک ناتۆرە پێی دەڵێن جەژنی ئاگرپەرستی!
بیرمان نەچێ، دوژمنانی دەوروبەر، و ڕاگەیاندن و ئەحزابی دژ بە خەڵک، هەموو جەژن و بۆنەیەک بۆ شەڕە قۆچ و کێشمەکێشمی ناوخەڵک ئاڕاستەدەکەن، تا خەڵک دژبەیەک بن، نەیانپەرژێتە سەر ڕاماڵینی ستەمی دۆست و دوژمن و هێنانی ژیانێکی ئازاد و سەربەست لە بەهارێکی جواندا.
رۆژی نوێ، و وەرزی نوێ و بەهاری هەموولایەک پڕ گوڵ وجوانی بێ!
ئەم وتارە دەربڕی ڕای نووسەر خۆیەتی