Page Nav

HIDE

Grid

GRID_STYLE

Pages

latest

هەڵەبجە و بازیان دەستەخوشکن !

 



✍️ دیلان سیروان

هەڵەبجە بەجارێک کیمیا بارانکرا بوو بە سیمبوڵی شەهیدانی بەکۆمەڵی  کوردستان

بەڵام بازیان، هەموو ڕۆژێکی کیمیا بارانێکە و خەڵکەکەی ژەهراوی دەکرێت دەمەوێت بڵێم کارگەکان لە ئێستادا بونەتە مۆتەکە بۆ خەڵکە بەستەزمانەکەی، هەموو ساتێک هەوڵی خنکاندنیان دەدرێت و ڕۆژ بەڕۆژ توشبووانی شێرپەنجە و ڕەبۆ و جۆرەکانی دیکەی نەخۆشی ڕوو لەزیاد بوونە ! ، بەڵام بۆ سەرمایەدار و بازرگان و خاوەن تەندەر و مافیاکان بۆتە مۆڵگەی سەرەکی پارە پەیداکردنیان.

گەر بگەڕێینەوە بۆ چەند ساڵێک لەمەو پێش دەبینین بازیان ناوچەیەکی کشتوکاڵی دیار بووە لەناوچەکە بە برنجی بازیانیش ناوبانگی دەرکردووە بەڵام ئێستا بازیان نەک برنجەکەی ناوبانگی نەما بەڵکو کەرتی کشتوکاڵی بەجۆرێک داڕوخا جوتیارەکانیان پێیان شەرمە بڵێن لە بازیان کاری کشتوکاڵ دەکەین، کشتوکاڵی سروشتی لەبازیاندا بەرەو نەمان چووە ، لەئێستا جگە لە کشتوکاڵی ژێر لایلۆن کشتوکاڵێکی ئەوتۆی سروشتی لەناوچەکەدا بەدی ناکەیت هۆکارەکەش دەگەڕێتەوە بۆ ژەهراوی کردنی سنورەکە و نەبوونی هۆشیاری تاک ،  لەلایەن گوند نشینانەوە زەویەکان بە بڕێک پارە  فرۆشران بەسەرمایەداران ، بەواتایەکی تر ئێستا ئەو خاوەن زەویانە کە جاران خۆ ژێنەری خۆیان و حوکمەت بون ئێستا چوونەتە شارەکان جگە لەوەی بونەتە هۆکاری قەرەباڵغی بونەتە بار بەسەر حوکمەت و بونەتە کەسانی بەرخۆر واتا بێکارن و چاوەڕوانی ڕەحمەتی حوکمەتن بۆ دامەزراندن  ، هۆکاری سەرەکی وێران بوونی دۆخی بازیانن گەر ئەوان دۆخی گشتی بازیانیان ڕەچاوکردایە ئێستاکە بازیان یەک پارچە سەوزایی ئەبوو نەک پارچە وێرانەیەک لە بۆنی دوکەڵ و ژەهر و هتد .. 

دەکرێت بڵێین بازیان لەناوچەیەکی کشتوکاڵییەوە گۆڕردا بۆ ناوچەیەکی پیشەسازی بەجۆرێک بەپێی ئامارەکان ٪٣٢ پیشەسازی عێراق لە بازیاندا ئەنجام دەدرێت بەڵام پیشەسازیەکی ژەهراوی ، هەروەها دەبینین لە ڕووی خزمەتگوزاریەوە جگە لەچەند شەقامێکی پینە و پەڕۆ شتێکی ئەوتۆ بۆ بازیان نەکراوە لەکاتێکدا بازیان دووەم ناوچە بوو دژی زوڵم و زۆرداری بەعس ڕاپەڕی و بووە هەوێنی ڕاپەڕین ، بەکوچەو کۆڵانەکاندا گوزەرێک بکەین دەبینین بازیان چەندە بێ نازە ، بەشێک لەبەرکەوتووانی چەکی کیمیایی هەڵەبجە لەچاوەڕوانی کردنەوەی نەخۆشخانەکەیاندا سەریان نایەوە ، بازیانیەکانیش بەحەسرەتەوە چاوەڕوانی کردنەوەی نەخۆشخانەیەکی گشتیین ، توانا مرۆییەکەی بازیان کە گەنجەکانیەتی دەبینین لەبێکاریدا دەناڵێنن و تواناکانیان دەکوژرێن و دەرفەتی کار لە ئاست چاوەڕوانی بازیانیەکاندا نیە .

هەڵەبجە لەقەزاوە کرا بە پارێزگا بەڵام هیچ سیمایەکی پارێزگای پێوە نابینرێت ، بازیانیش لە ناحیەوە کرا بە قەزا بەڵام هیچ سیمایەکی قەزای پێوە نابینرێت ، کەواتە ئێستا بازیان هەڵەبجەیەکی نوێ دروست دەکاتەوە ، ئێستا لە بری بۆنی سێو، بۆنی ڕۆنی ڕەش و تایەی سوتاو هێواش هێواش دەبێتە هێنەری مەرگێکی نوێ .