- ئامادەکردنی : شەیما حەمدەڵا
تا ئێستا بیرت لەوە کردۆتەوە چۆن دەتوانرێت هەناسە بدرێت لەو شوێنانی کە درەخت تێدا گەشە ناکات وەک جەمسەری باکوری بەستەڵەکی و بیابانەکان ؟ یاخود ئایا هیچ شتێک هەیە جگە لە درەختەکان ئۆکسجین بەرهەم بهێنێت ؟
لە جەمسەری بەستەڵەکی و بیابانەکاندا درەخت زۆر نییە بە هۆی بارودۆخی کەش و هەوای نەگونجاو وەک پلەی گەرمی و نەبوونی بارانبارین و تیشکی خۆری پێویست کە ڕێگە نادات زۆرێک لە درەختەکان گەشە بکەن.
ئۆکسجین نزیکەی 21%ی بەرگەهەوای زەوی پێکدەهێنێت ، کەواتە ئەو هەموو ئۆکسجینە دەبێت لە شوێنێکەوە بێت ، لەوانەیە پێشتر زانیبێتان کە لە ڕووەکەکانەوە کە کرداری ڕۆشنە پێکهاتن دەکەن ئەم ئۆکسجینە هاتووە. بەڵام ئایا دەزانی زۆربەی ئەو ئۆکسجینەی کە هەناسەی پێدەدەیت لە زیندەوەرانی ناو زەریاکانەوە دێت؟
کرداری ڕۆشنەپێکهاتن هێشتا لە کاردایە و ئۆکسجین دروست دەکات بەڵام لەبری درەختەکان ئۆکسجین لە زەریاکان و ڕووبەرە ئاوییەکاندا لەلایەن زیندەوەرە تاک خانەییە وردبینەکانەوە دروست دەبێت کە پێیان دەوترێت فیتۆپلانکتۆن .
فیتۆپلانکتۆن کە بە مایکرۆئالگا (قەوزەی وردبین ) ناسراوە ، هاوشێوەی ڕووەکی سەر زەوین، کلۆرۆفیلیان تێدایە و پێویستیان بە تیشکی خۆر هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت بژی و گەشە بکات. وزەی خۆر و دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە بەرگەهەواوە وەردەگرن و تێکەڵ بەیەک دەبن و دەیگۆڕن لە پڕۆسەکەدا گازی ئۆکسجین ئازاد دەکات بەرگە هەوا .
هەرچەندە زۆرێک لە زاناکان باس لەوە دەکەن کە فیتۆپلانکتۆن نزیکەی نیوەی ئۆکسجینی زەوی بەرهەم دەهێنێت، بەڵام هەندێکی تر پێیان وایە ڕەنگە زیاتریش بێت ، ئەگەر تێبینی بکەین کە نزیکەی ٧١%ی ڕووی زەوی بە زەریاکان و ڕووبەری ئاوی داپۆشراوە، ئەوا ڕەنگە ڕاست بێت کە فیتۆپلانکتۆن دەتوانێت بەرپرسیار بێت لە زیاتر لە نیوەی دابینکردنی ئۆکسجین بۆ ژیانی مرۆڤ .
لە تاقیگەدا زاناکان دەتوانن ڕێژەی ئۆکسجین دیاری بکەن کە لەلایەن فیتۆپلانکتۆنەوە بەرهەم دەهێنرێت. بەشە سەختەکە بریتییە لە دیاریکردنی کۆی ژمارەی ئەم قەوزە وردبینانە لە سەرانسەری ڕوبەری ئاوی زەویدا ، چونکە بڕی فیتۆپلانکتۆن بەپێی وەرزەکان و لە وەڵامی گۆڕانکاری لە دۆخی خۆراکی ئاو و پلەی گەرمی و هۆکارەکانی تردا دەگۆڕێت.
ئەو ئۆکسجینەی کە لە ڕووبەرە ئاوییەکان و ڕووەکەکان بەرهەم دێت لە ڕووی کیمیاییەوە وەک یەکن. هەردوو ڕووبەری ئاوی و ڕووەک ئۆکسجینی گەردیلەیی (O2) وەک بەرهەمێکی لاوەکی پڕۆسەی ڕۆشنەپێکهاتن ئازاد دەکەن ، جیاوازی سەرەکی لە قەبارەی بەرهەمهێناندایە ، لە کاتێکدا ڕووەک و دارەکانی سەر زەوی بەشدارن لە بەرهەمهێنانی ئۆکسجین ، بەڵام فراوانی ڕووبەرە ئاوییەکان و زۆری فیتۆپلانکتۆن وا دەکات بەشدارێکی بەرچاویان هەبێت لە ئاستی گشتی ئۆکسجین لەسەر زەوی. بەمه دەوترێت هەوڵێکی هاوبەش لە هەردوو وشکانی و دەریاوە بۆ ئەوەی بەرگەهەوا دەوڵەمەند بە ئۆکسجین بمێنێتەوە .