Page Nav

HIDE

Grid

GRID_STYLE

Pages

latest

مەترسیەکانی فڕێدانی ئاژەڵی مردوو لەناوچەکانی نیشتەجێبوون چییە ؟

 


✍️شەیما حەمدەڵڵا - بازیان میدیا

بڵاو بوونەوەی فڕێدانی ئاژەڵی کەلاک (مردارەوەبوو)  دیاردەیەکی نامرۆڤانەیە کە زۆر لە ناوچەکانی هەرێمی داگیرکردووە، ئەو گرنگی پێدانەی پێ نادرێت کە پێویستە لە دەزگا حکومییە لێهاتووەکان کار بکەن بۆ ڕێگری کردن لێ و نەهێشتنی، بڵاوبوونەوەی فڕێدانی ئاژەڵە مردارەوەبوو لە ناوچە کشتوکاڵییەکان و شوێنی نیشتەجێبوون تۆمار کراوە ، بەو پێیەی بە سەرچاوەی مەترسی بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و پەتا دادەنرێت، مەترسی دیاردەکەش لە فراوانبوونیدایە کە لە ئەنجامی مردارەوەبوونی ئاژەڵی ماڵی یاخود بە کۆمەڵ مردنی ئاژەڵەکانەوە ڕوودەدات، کە ڕەنگە هەندێکیان بەهۆی نەخۆشییە ڤایرۆسییەکان یان مشەخۆرییەکان یان کەڕوو و بەکتریاکانەوە مردوون.

ئەو ئاژەڵە مردووانەی کە خاوەنەکانیان لە زۆرێک لە شوێنە سەرەکی و ناوخۆییەکان و لە نزیک چەمەکان و ڕێگاکان فڕێی دەدەن یان بەهۆی ڕووداوەکانی ئۆتۆمبێلەوە گیانیان لەدەستداوە مەترسییەکی گەورە لەسەر تەندروستی کۆمەڵگا پێکدەهێنن، بوونیان لە شوێنی کراوەدا بۆ ماوەیەکی درێژخایەن دەیانکاتە سەرچاوەی دەردانی گازی ژەهراوی و بۆنی ناخۆش و بڵاوبونەوەی نەخۆشی بۆ ئاژەڵانی دیکە یاخود بۆ مرۆڤەکانیش جگە لەوەی دیمەنێکی ناشارستانی دەدات و دانیشتووان بەدەست تەشەنەکردنی ئەم دیاردەیە دەناڵێن .

بنەمای سەرەکی خۆپاراستن و کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکانی ئێستا و سەرهەڵدراوەکان بەڕێوەبردنی زانستی پاشماوەی ئاژەڵی مردارەوەبووە لە شوێنی گونجاودا، مردن لە هەموو کێڵگەیەکی ئاژەڵی حەتمییە و بەپێی نەخۆشییە باوەکان و بارودۆخی تەندروستی لە کێڵگەکەدا دەگۆڕێت.

کاتێک ئاژەڵەکان دەمرن، تەرمەکانیان وەک سەرچاوەی تووشبوون بۆ ئاژەڵەکانی دیکەی  ناو کێڵگەکە (یان کێڵگەکانی دیکە) دەمێننەوە و پێویستە بە زووترین کات چارەسەری بکرێت بە شێوازه جیاوازەکان.

هەڵبژاردنی شێوازی گونجاو بۆ لە ناوبردنی ئاژەڵە مردارەوەبووەکان بەندە بەم هۆکارانە:

1- ژمارەی ئاژەڵە مردارەوەبووەکان.

2- مەودای شوێنەکانە بۆ پرۆسێسکردن.

3- هۆکاری مردنی ئاژەڵەکە، کاتێک هۆکاری مردنی ئاژەڵەکە نەخۆشییەکی درمیە، دەبێت ڕێگەیەک هەڵبژێردرێت کە دڵنیابێت لە بڵاوبوونەبوونەوەی نەخۆشییەکە.

4- شوێنی کێڵگە و جۆری خاک و زەوی و کار و ئامێری بەردەست.

5- ڕادەی کاریگەری ئەم شێوازە لەسەر تەندروستی گشتی مرۆڤ و ڕادەی کاریگەری لەسەر تەندروستی ژینگە و ئاوی ژێر زەوی و کەناڵەکانی ئاو.

6- تێچووی ئابووری.

ڕێگاکانی لەناوبردنی پاشماوەی ئاژەڵی مردارەوەبوو :

1- ناشتن ، فڕێدان لە ناو چاڵ  :

ئەمە شێوازێکی کاریگەر و گونجاوە بۆ فڕێدانی ئاژەڵی مردارەوەبوو کە لە چوارچێوەی تواناکانی کێڵگەکەدایە، باشترین و ئاسانترین ڕێگای ناشتن هەڵکەندنی چاڵێکی تەسک و قووڵە، کۆکردنەوەی ئاژەڵی مردووی هەر ڕۆژێک دەتوانرێت دابنرێت و داپۆشرێت تاوەکو چاڵەکە پڕ دەبێتەوە، ئاژەڵە مردارەوەبووکان لەسەر یەکتر لە یەک چاڵدا کەڵەکە مەکەن بەڵکو چین چینی بکەن چینی ئاژەڵی مردارەوەبوو تێکردنی پاشماوەی خۆراکی وەک کای گەنم پاشان داپۆشینی بەچینێکی خۆڵ بەم جۆرە تا پڕ بوونی چاڵەکە ، هەروەها دەتوانرێت ئاژەڵە مردووەکان لە قووڵایی زەویدا لەناو کیسی نایلۆندا بنێژرێن کە ئەمەش ئەگەری بڵاوبوونەوەی هەوکردنەکان زیاتر کەمدەکاتەوە، ناشتنی بەجۆرێک بێت کە مێشوولە و ئاژەڵە بێسەرپەرشتەکان، وەک سەگ نەتوانن دەستیان پێ بگات.

پێویستە ئاگاداری هەڵبژاردنی شوێنی چاڵەکە بکرێت: 

• 500 مەتر دوور بێت لە شوێنی نیشتەجێبوونی دانیشتووان.

• 300 مەتر دووربێت لەسەر چاوەی ئاوی خواردنەوە.

• 50 مەتر دووربێت لە کێلگە و سەرچاوەی ئاوی کێڵگەکە .

2- سوتاندن :

ئەم شێوازە لە جیهاندا بەربڵاوترینە و تا ئێستاش بە شێوەیەکی بەرفراوان بەکاردەهێنرێت، یان بە بەکارهێنانی سووتێنەری تەکنەلۆژیای بەرز یان بە سوتاندن لە ناوچاڵ و خەندەق و کوڕە سووتێنەری سادە ئەنجام دەدرێت.

-ئامێری سووتێنەر: بریتیە لە شێوازێک بۆ سووتاندنی وشکی پاشماوە لە بوونی ئۆکسجین لە پلەی گەرمی بەرزدا، ئامانج لێی گۆڕینی پێکهاتە ئۆرگانیکەکان و ماددە سووتێنەرەکانە بۆ مادەی نائۆرگانیک و ناسووتێنەر، لە ئەنجامدا کێشی پاشماوە کەمدەکاتەوە و بڕێکی زۆر کەم خۆڵەمێش دەمێنێتەوە، تەنها نزیکەی 10-15%ی ئەو پاشماوەیەی کە سووتاوە، سەلامەتترین ڕێگایە ئەگەر بە بەکارهێنانی ڕێگەی دروست ئەنجام بدرێت.

-سوتاندن لەناو چاڵدا:  لە حاڵەتی پێویست و نەبوونی ئامێری سووتاندنی تایبەتمەند، تەرمی ئاژەڵە مردارەوەبووەکان لە چاڵێکدا دەسوتێنرێن  درێژی 2 مەتر بێت ، بەزۆری سوتاندن بەکاردێت لەگەڵ ئەو پاشماوانە کە ناتوانرێت ڕیسایکل بکرێت.

3- کۆمپۆست کردن :

ئەم پرۆسەیە سروشتییە ڕێگە بە وردە زیندەوەران دەدات وەک بەکتریا و کەروو ئاژەڵە مردارەوەبووکان شیبکەنەوە بۆ ماددە ئۆرگانییەکان ، کۆمپۆستکردن شێوازێکی پەسەندکراوە لە کێڵگەکاندا تێچووی کەمترە چونکە دەتوانرێت بە ئاسانی ئامادە بکرێت بەو ئامێرانەی کە لە کێڵگەکەدا بەردەستن ، کۆمپۆستکردنی ئاژەڵە مردارەوەبووەکان لەلایەن دەزگاکانی ئاسایشی بایۆلۆجی لە وڵاتانی پێشکەوتوو بە شێوازێکی دروست دادەنرێت چونکە بەرهەمی کۆتایی کۆمپۆستکردن دەتوانرێت لە خاکی کێڵگەکاندا بەکاربهێنرێتەوە ، لە ڕووی ژینگەییەوە تەندروستە کاتێک بە شێوەیەکی دروست بەڕێوەببرێت .

پێویستە لە کاتی فڕێدانی ئاژەڵە مردارەوەبووەکان ئەم خاڵانە ڕەچاو بکرێت:

1- بە زووترین کات ئاژەڵە مرداربووەکە لە شوێنەکە دەربهێنن.

2- نابێت لەناو چەم  یان لە نزیک سەرچاوەی ئاو دابنرێت بە هیچ شێوەیەک لە پێناو پاراستنی سەرچاوەی ئاوی و بڵاونەبونەوەی نەخۆشیەکە.

3- بەکارهێنانی دەمامک و دەستێکش و چاویلکە و جلی خۆپارێزی توند و تۆڵ .

4- ڕێوشوێنی خۆپارێزی پێویست بگرێتەبەر بۆ ڕێگریکردن لە ڕژانی مادەی تووشبوو لە مردارەوەبووەکان لە کاتی گواستنەوە لە کێڵگەکە  بۆ شوێنی فڕێدان و سوتاندن.

هەڵسوکەوتی خراپی هەندێک لە خاوەن کێڵگەکانی ئاژەڵ:

- فڕێدانی ئاژەڵە مردارەوەبووەکان لە دەوری کێڵگەکە یان لەناو چەمی ئاو یان دۆڵەکاندا، بەو پێیەی ئەمە دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە لەناو ئەو ئاژەڵانەی نزیک لە کێڵگەکان یان کە دێن بۆ لەوەڕاندن و خواردنەوە لە چەمی ئاوەکە، هەروەها ئاژەڵە نێچیرەکان ئاژەڵە مردارەوەبووەکان دەخۆت و بەم شێوەیە هەوکردنەکە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر دەگوازنەوە.

- ناشتنی کەلاک لە نزیک بنی ڕووبار و چەم کارێکی هەڵەیە .

بەگشتی بە تایبەتی ئاژەڵ و باڵندەی مردارەوەبووەکان فڕێدانی لە زبڵدانی کراوەدا قەدەغەیە، کە لە وڵاتی ئێمەدا بەشێوەیەکی بەرفراوان ئەم ڕێگایە بەکاردەهێنرێن ئەم شێوازە زیانێکی بەرچاوی تەندروستی و ژینگەیی هەیە.

پەیڕەوکردنی ڕێگا تەندروستەکان لە بەڕێوەبردنی پاشماوەی ئاژەڵە مردارەوەبووەکان یارمەتی پاراستنی زەوی و سەرچاوەی ئاوی دەدات، مەترسی گواستنەوەی نەخۆشی بۆ مرۆڤ یان ئاژەڵە تەندروستەکان کەمدەکاتەوە و جوانی و پاک وخاوێنی ژینگەکەمان دەپارێزێت.

پێشنیارەکان :

- ڕێکخستنی دەستپێشخەرییەکانی هۆشیاری و بڵاوکردنەوەی پۆستەری ڕێنیشاندەر بۆ لەناوبردنی ئاژەڵی مردارەوەبوو .

- دانانی مەرجی دروست کردنی شوێنێک لە سنوری کێڵگەی پەلەوەرییەکان بۆ لەناوبردنی ئاژەڵی مردارەوەبوو .

- سەپاندنی یاسا بەسەر سەرپێچیکاران کە ئاژەڵەکان لەنزیک شوێنی نیشتەجێبوون و سەرچاوەی ئاوی فڕێ دەدەن . 

- دیاریکردنی و ڕاگەیاندنی شوێنێک بۆ ناشتنی ئاژەڵی مردارەوەبوو تێیدا .