Page Nav

HIDE

Grid

GRID_STYLE

Pages

latest

هێما و نوسراوەکانی سەر کیسەی تۆوە کشتوکاڵییەکان واتایان چییە؟


 ✍️شەیما حەمدەڵڵا

جوتیاران دەیانەوێت ڕووەکەکان دەست پێکردنێکی بەهێز و تەندروستیان هەبێت و بەرهەمێکی زۆریان بۆ بەرهەمبهێنن ، لەبەر ئەم مەبەستانە ناسینەوە و تێگەشتن لە زانیارییەکانی سەر کیسەی تۆو زۆر پێویستە ،  گرنگە کاتێک بۆ خوێندنەوەی کیسەی تۆوەکانت تەرخان بکەیت و پێداویستییە تایبەتەکانی هەر بەرهەمێکت بناسیت.

٭ ناساندنی بەشی پێشەوەی کیسەی تۆوەکان:

بە گشتی بەشی پێشەوەی کیسە تۆوەکان وێنەیەکی ڕەنگاوڕەنگی ئەو ڕووەکەی لەسەرە کە تۆوەکانی لەناوەوەی دانراوە، هەمیشە ناوی کۆمپانیای بەرهەم هێنەر و لۆگۆکەی تێدایە و زۆرجاریش نرخەکەی لەسەر چاپ دەکرێ .


وە ئاماژە بە هەر خاڵێکی فرۆشتنی تایبەت دەدرێت وەک "لێکدراو " و " جۆری میرات "، ناوی باوی ڕووەکەکە لەخۆدەگرێت ,وە ئەگەر جۆرێکی تایبەت بێت ناوی جۆری تایبەتی ڕووەکە ئاماژەی پێ دەدرێت .

هێمای F1 : لەسەر کیسەی تۆوەکان ئاماژەیە بۆ بوونی (تۆوی لێکدراو ) لەو تۆوانەی کە لە  پرۆسەی لێکدانی دوو ڕووەکی ڕەسەن دروست دەبێت .

پڕۆسەی لێکدان پرۆسەیەکی پلان بۆ داڕێژراوە لەسەر بنەمای وەرگرتنی هەندێک جیناتی خوازراو کە لە دوو جۆری جیاوازی ڕووەکی ڕەسەنی هاوزایگۆت هەن بۆ بەرهەمهێنانی جۆرێکی نوێ کە هەڵگری تایبەتمەندی جۆراوجۆری ڕووەکە (نێر) و ڕووەکە( مێینە)کەیە ، پاشان ئەنجامدانی کرداری پیتاندن لە نێوانیاندا ، دواتر گرێ بەردار دەست دەکات بە ئاوسان و تێپەڕین بە قۆناغە جیاوازەکان تا گەشتن بە قۆناغی میوە دان. ئەو تۆوانەی لەناو ئەو میوەیەدا گەشە دەکەن بریتین لە نەوەی یەکەمی تۆوی لێکدراو F1 ، ئامانج لێی تێکەڵکردنی باشترین تایبەتمەندییەکانی هەر دایک و باوکێکە، لە ئەنجامدا نەوەیەک دروست دەبێت کە سیفەتی باڵا پیشان دەدات، وەک باشتربوونی بەرگری نەخۆشی، زیادبوونی بەرهەم، یان بەرزبوونەوەی کوالێتی ... هتد .

پیتی F لە وشەی Filial هاتووە کە بەواتای نەوە دێت . F1 واتا نەوەی یەکەم ، F2 نەوەی دووەم لە بەرهەمی F1 وەردەگیرێت ... هتد 


لایەنە باشەکانی نەوەی یەکەمی تۆوی لێکدراو F1 :

- ڕێژەی بەرزی چەکەرەکردن بە ڕێژەی ٩٩%.

- تۆوی لێکدراو F1 بەرهەمێکی هەڵاش و   زۆریان هەیە و لە ڕووی قەبارە و شێوە و ڕەنگ لەیەک دەچن .

- بەرهەمێکی پتەوی هەیە کە بەرگەی مانەوه وهەڵگرتن و بە بازاڕکردن دەگرێت .

- هەروەها لە ڕووی گەشەکردنەوە خێران . 

- تۆوی لێکدراو بەرگری زۆری هەیە بەرامبەر ئافات و نەخۆشییەکان.


لایەنە خراپیەکانی تۆوی لێکدراوی F1 : 

- نرخێکی بەرزی هەیە.

- کەمتر ماددەی خۆراکی هەیە 

- کەمتر تامدارە لە تۆوی میرات (تۆوی ڕەسەن) 

- ناتوانرێت تۆوی لێکدراو پاشەکەوت بکرێت .


تۆوی چارەسەرکراو Treated :  تۆوی چارەسەرکراو بە کەڕوو کوژ ڕووپۆش کراوە بۆ ڕێگریکردن لە تووش بوون بە نەخۆشیەکان. 

پاکی PURITY :

بریتیە لە پاکی تۆو لە ناو کیسەکاندا ، بۆ نموونە پاکی 90% پێت دەڵێت کە 10%ی ناوەڕۆکی کیسەکە تۆوی گژوگیا یان بەرهەمێکی ترە .

بەرواری پاکەتکردن Packaging date: ئاماژە دراوه بە ئەو ساڵەی کە تۆوەکان تێدا پاکەت کراون،  ئەم زانیاریانە گرنگن چونکە لەگەڵ بەرزبوونەوەی تەمەنی تۆوەکان توانای چەکەرە کردنیان کەم دەبێتەوە، ئەمەش واتە لە ساڵانی دواتردا تۆو کەمتر چەکەرە دەکەن. ئەگەر لە ساڵی 2020 دا ڕێژەی چەکەرەی تۆوەکان لەسەدا 90 بێت، ئەوا دەتوانرێت پێشبینی بکرێت ڕێژەی چەکەرەی لە  ساڵی 2023 کەمتر بێت.

ڕێژەی چەکەرە کردن Germination rate:

ڕێژەی چەکەرەکردن بریتییە لە تێکڕای ڕێژەی سەدی ئەو تۆوانەی کە دەتوانیت چاوەڕێی  بکەیت کە بەڕاستی چەکەرە بکەن و گەشە بکات. 

هەروەها لەبیرت بێت کە تۆوی کۆنتر ڕێژەی چەکەرەکردنیان کەمترە، بۆیە ئەگەر کیسەی تۆوێک نووسرابێت "ڕێژەی چەکەرە 90%" بەڵام پاکەتەکەی تۆوەکە تەمەنی سێ ساڵە، ئەوا لەوانەیە ئەو ژمارەیە لە 80-85% نزیکتر بێت.

بەرواری بەسەرچوون Expiration date :

هەموو کیسەیەکی تۆو بەرواری بەسەرچوونی هەیە، بەرواری بەسەرچوونی لەسەر پاکەتەکە پەیوەندییەکی کەمی بە بەسەرچوونی ڕاستەقینەی تۆوەکانەوە هەیە. زۆربەی تۆوەکان کاتێک لە شوێنێکی فێنک و وشکدا دەهێڵرێنەوە دەتوانن ساڵانێک بمێننەوە بەبێ ئەوەی ڕواندنی زۆر لەدەست بدەن. زۆرجار وا دەکات تەنها 20%ی تۆوەکان نەڕوێنن. بۆیە ئەگەر تۆو بەکاردەهێنیت کە ماوەی چەند ساڵێک بەسەرچووە فڕێی مەدە.

هێماکانی بەرگیری لە نەخۆشی Disease resistant :

ئەم هێمایانە بەکاردێت بۆ سەلماندنی بەهێزی ڕووەک بەرامبەر نەخۆشیەکان، بەڵام لەسەر هەموو کیسەکانی تۆو ئاماژە بەم وردەکارییە گرنگە نادرێ، بەڵام دەتوانێت زۆر یارمەتیدەر بێت بۆ سەرکەوتنی بازرگانی جوتیاران، بەتایبەتی لە حاڵەتی چاندنی سەوزەوات دا. 

بەزۆری هێماکانی بەرگری نەخۆشی وەک چەند پیتێک دەردەکەوێت، زۆرجار بەدوای ناوی ڕووەکەکەدا دێت یاخود لەسەر کیسەکان بەدێرێک تایبەتی ئاماژەی پێ دەکرێت بۆ ڕاکێشانی سەرنجی کڕیاڕان.


لێرەدا باوترین پیتە بەکارهاتووەکانی بەرگیری نەخۆشی دەخەینەڕوو:

A – ئەنسراکنوز
AB – گرەی پێش وەختە
AS – نەخۆشی بریندارکردنی قەدی ئەلتەرناری
F — فیوزاریوم
LB_ گڕەی دواکەوتوو
SM – نەخۆشی خۆڵەمێش بوون
V – سیسبوونی ڤێرتیسیلیۆم
PM _ دۆکەی ئارداوی
DM – بنۆکە سپی
N – نیماتۆدا
Nr – شیرینەی گەڵای کاهوو
ZYMV – ڤایرۆسی مۆزایکی زەرد لە کولەکە
BMV– ڤایرۆسی مۆزایکی فاسۆلیا
BV ڤایرۆسی فاسۆلیا
TMV – ڤایرۆسی مۆزایکی توتن
ToMV – ڤایرۆسی مۆزایکی تەماتە
CMV _ ڤایرۆسی مۆزایکی خەیار

٭ ناساندنی بەشی پشتەوەی کیسەی تۆوەکان :
تایبەتمەندی ڕووەک: باسێکی کورت بۆ ڕووەکەکە دەکرێت ، لەوانەش تام و قەبارە و ڕەنگ و بڵاوبوونەوەی ڕووبەری ڕووەک .. هتد.

شێوازی چاندن : ئاماژە بە قووڵی چاندن دەکات ، دووری تۆو , دووری ڕیزەکانی چاندن ، دووری ڕووەک دوای تەنککردنەوە , هتد.

ئاماژە دان بە ڕۆژەکانڕۆژەکان تا پێگەیشتن ,  ڕۆژەکان بۆ دروێنەکردن ، ڕۆژەکان بۆ گوڵکردن .

زۆرێک لە کۆمپانیاکان ئایکۆن بەکاردەهێنن بۆ دەربڕینی ئەو زانیاریانەی سەرەوە.


هێماکانی خۆپارێزی:
بۆ خواردنی مرۆڤ یان ئاژەڵ بەکاری مەهێنە

دەست شۆرین دوای بەکارهێنانی تۆوەکان

هەڵگرتن لە دوور دەستی منداڵ و ئاژەڵ و گیانلەبەرە کێوییەکان