Page Nav

HIDE

Grid

GRID_STYLE

Pages

latest

ئێمە عاشق بە پاشماوە و خاشاکین !

 


✍️مەعرووف مەجید

خۆزگە دەمزانی لەچی شوێنێکی تری سەرگۆی ئەم زەوییە، چی میللەت و نەتەوەیەکی تر هێندەی ئێمە عاشق بە  پاشماوە و زبڵ و خاشاکن. 

ئاخر دەچیتە گەشت و سەیران و بۆنەکانی نەورۆز و بەهار و ناو یاریگا و کۆڕو کۆبوونەوە و لەکاتی دەرچونی خوێندکارانی زانکۆ و سازکردنی کۆنفڕانسەکان ، دوای چەند کاتژمێرێکی کەم ڕێک بارودۆخێک دەخوڵقێنین هەر مەپرسە.

ئەوەی مایەی نیگەرانیە، ئەم دیاردەیە پەیوەندی بە خوێنەوار و نەخوێنەوار و ڕۆشنبیر و ناڕۆشنبیرەوە نیە، هەموومان تێیدا یەکسانین.

ئەگەر بە خوێنەواری و ڕۆشنبیری بوایە دەبوو، شەقام و کۆڵان و بازاڕی شارەکان لە هی قەزا و ناحیە و گوندەکان خاوێنتر بوونایە بەڵام بە داخەوە پێچەوانە بۆتەوە. 

یەکێک لە هۆکارەکانیش زۆربوونی مادە پلاستیکییە سەفەریی و نایلۆنەکانە، کە بە ئاسانترین شێوە و بە هەرزانترین نرخ دەگات بە دەستی هەموو تاکێکی کۆمەڵگە. 

ئەرێ کەس لە خۆی پرسیوە، دوای مانەوەی چەند کاتژمێرێک یاخوود پیاسەیەک بەنێو فیستیڤاڵ و بۆنەکان، دواتر بە دەیان و سەدان تەن پاشماوەی زبڵ و خاشاک لەلایەن ژنگەپارێزەکانەوە کۆدەکرێنەوە، ئاخۆ ئەگەر بۆ ماوەی چەند ڕۆژ و هەفتە و مانگێک بمێنینەوە چی کارەساتێک دەخوڵقێنین؟

ساڵانە لە زۆربەی شار و شارۆچکەکان فیستیڤاڵ و بۆنەی تایبەت و بە بازڕکردنی کاڵاکان ساز دەکرێ، لە شوێنێکی پاک و خاوێن و ژینگەیەکی تەندروست، دواتر بڕۆن سەیری ئەو شوێنانە بکەن بزانە چی ڕوویداوە، ئەویش بە دەستی کێ بە دەستی مرۆڤەکان. 

بە پێی ئامارێک، تەنها بۆ ماوەی سێ ڕۆژی فیستیڤاڵی هەنار و پایزی هەڵەبجە، بڕی ( 25 ) گەڵابە تەنها زبڵ و خاشاک لە شوێنی فیستیڤاڵەکە کۆکراوەتەوە.

ئەم کارەساتە هەر لە هەڵەبجە ڕوووینەداوە، لە بۆنەکانی سەری ساڵ و ئاهەنگ و بۆنەکانی تر لە زۆرینەی شارەکان دووبارە دەبنەوە.

پێویستە حکومەت و ڕێکخراوەکان و لایەنی پەیوەندیدار، پێش سازکردنی هەر کۆڕ و کۆبوونەوە و فیستیڤاڵێک بیر لە لایەنە ژینگەیی و خاوێنییەکەشی بکەنەوە، ئەویش بە پێدانی هۆشیاری و دانانی بڵندگۆ و پێدانی ڕێنمایی هۆشیاری، هەوڵبدرێ کەمترین کاڵا نمایش بکرێن کە پاشماوەیان هەیە بە تایبەتی پلاستیک و سەفەری، و زۆرترین شوێنی پاشماوەکان دابنرێ بۆ ئەوەی فڕێ نەدرێنە سەر زەوی.

هەرچەندە تەنها بۆنە و فیستیڤاڵەکان ئەم کێشەیەیان نیە، یەک ڕۆژ ژینگەپارێزان نەچنەسەر کارەکانیان شەقام و بازاڕەکان دەبنە زبڵدان، یەک شەو پیاسەیەک بکە بە بەردەم مزگەوتی گەورە و سەهۆڵەکە و بازاڕی ئیسکان و شێخەڵا، ئەو کات ڕاستی ئەو کارەساتانەتان بۆ دەردەکەوێ کە ئێمە چی بوونەوەرێکین لەسەر زەوی، چەندە دژی جوانی و خاوێنی و تەندروستین.

هەر ئەمەش وای کردووە، ڕۆژانە لە سەرجەم شارەکانی هەرێمی کوردستان، خاوەنی نزیکەی 8000 تۆن پاشماوە بین.