Page Nav

HIDE

Grid

GRID_STYLE

Pages

latest

ماددەی هۆشبەر(ئەنفالی سپی ) جەنگێک لە حاڵەتەوە بۆ دیاردە

 

 🖋️ ئەرکان حەسەن

ماددەی هۆشبەر (drug) بە پێی پێناسە نەتەوە یەکگرتووەکان :- بریتیە لە هەوو ئەو ماددە خاو و ئامادەکراوانەی بۆ جگە لە بواری پزیشکی و پیشەسازی سودبەخش بەکار ئەهێندرێت و تایبەتمەندی ئازار شکێن و وریاکەرەوەی تێدایە باری ڕاهاتن (ئاڵوودە بوون ) درووست ئەکات و لە ڕووی جەستەیی و دەروونیەوە زیان بە تاک و کۆمەڵگا ئەگەیەنێت. 

∎چی کراوە بۆ کەمکردنەوەی بازرگانی کردن و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر ؟ 

دەزگای نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان (DEA)دەزگایەکی یاسایی سەر بە بەشی دادە لە ئەمریکا بۆ یاسای ماددە هۆشبەرەکان و تاکە دەزگایە بەرپرسیاریەتی ماددە هۆشبەرەکانی خراوەتە ئەستۆ بە شێوەیەکی یاسایی لەسەرجەم ئەو وڵاتانەی ئەمریکا هاوپەیمانە لەگەڵیان و زۆر جار بە هاوکاری دەزگای هەواڵگیری (ئێف بی ئای) ئۆپەراسوێنەکانی ئەنجام ئەدات.

ئەم دەزگایە لە ۱ی تەمووزی ۱۹۷۳ بە بڕیاری سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمریکا ریچارد نیکسن درووست کراوەو لە هەمان ساڵدا دەست بەکار بووە ، هەروەها ساڵی ۲۰۰۳ هەستا بە کردناوەی تاقیگەی دیجیتاڵی تایبەت بە ماددە هۆشبەرەکان.

دیاردەی بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر هاوشانی شەڕ و تیرۆر و برسیەتی یەکێکی ترە لەو نەهامەتیە گەورانەی کە مرۆڤایەتی بەدەستیەوە ئەناڵێنێت و هەتا ئێستا و بگرە له داهاتوویەکی نزیکیشدا هیچ هیوایەک نیە بۆ ئەوەی ڕێگری لێ بکرێت ، تەنها بە کۆمەڵێک ڕێکار ئەتوانرێت کەم بکرێتەوە ئەویش گەر دەستی بەرپرسی باڵای لە هەر وڵاتێک لە پشت نەبێت. 

∎ هۆکارەکانی بڵاو بوونەوەی ماددەی هۆشبەر 

۱. لاوازی ڕێکارەکانی ڕێگری کردن لە بازرگانی کردن بە ماددەی هۆشبەر بە تایبەت لە عێراق ئەمیش لە ڕێگای سنوورەکانەوە .

۲. ئەو قازانجەی زۆرەی بە هۆی ئەم بازرگانیەوە دەست ئەکەوێت و گوێنەدان بە ئاین و مرۆڤایەتی. 

۳. نەبوونی هۆشیاری دەربارەی زیانەکانی ماددەی هۆشبەر و کاریگەریە خراپەکانی لەسەر تەندرووستی بەکارهێنەر و کۆمەڵگا.

٤. بڵاو بوونەوەی فیلمی خراپ لە نێوان گەنجام و ئەمەش پاڵنەرێک ئەبێت تا پەنا بۆ ئەم ماددانە ببرێت.

٥. خراپ پەروەردە کردنی منداڵ.

∎بەکارهێنان و بازرگانی کردن بە ماددەی هۆشبەر و کاریگەریەکانی لەسەر تاک و کۆمەڵگا 

۱. ڕێژەی تاوانە جۆراو جۆرەکان لە کۆمەڵگا بەرز ئەکاتەوە وەک( توندوتیژی و کوشتن و دزی کردن و فێڵ کردن و خیانەت کردن لە وڵات و زۆربوونی جیابوونەوەو و کەم بوونەوەی هاوسەرگیری.

۲. کاریگەری خراپی لەسەر نەوەکانی داهاتوو هەیەو ئەبێتە هۆی فێربوون و ئاڵوودە بوونیان.

۳. دەبێتە هۆی بەرز بوونەوەی ڕێژەی بێکاری و هەژاری و کەم بوونەوەی بەها کۆمەڵایەتیەکانی وەک سۆز و خۆشەویستی و ڕێزگرتن و نامووس و ئەخلاق.

٤. نەخۆشیە دەروونی و خەمۆکیەکان زیاد ئەکات و ئەبێتە هۆی بێ متمانەیی و بێ ئیرادەیی و ترسان و لاوازی کەسایەتی و بێ ئامانجی و تووشبوون بە جۆرەا نەخۆشی پێست و ڕووخسار و نەخۆشیە جەستەیی و عەقڵیەکانی تر... 

∎چۆنیەتی چارەسەر کردنی ئاڵوودەبووانی ماددەی هۆشبەر و ڕێگری کردن لە بڵاو بوونەوەی.

١. ماددەی (٣٧_٣٩) لە یاسا بەرەنگار بوونەوەی ماددەی هۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکان(ئەتوانن لەو لینکەوە سەردانی بکەن)

٢. لەناو بردنی ماددە ژەهراویەکانی ناو لەش و کەمکردنەوەی ئازار.

٣. چارەسەر کردنی ئەو هۆکارەی وای لە کەسەکە کردووە پەنا بۆ ماددەی هۆشبەر ببات.

٤. چاککردنەوەی پەیوەندی کەسی تووش بوو لەگەڵ خێزان و کەسانی دەوروبەری.

٥. دۆزینەوەی هەلی کاری گونجاو بۆ ئەو کەسانە و دانانیان لە خانەی چاکسازی و لە ژێر چودێری چڕی تەندرووستیا بن.

٦. بڵاو کردنەوەی هۆشیاری لە ڕێگای ڕێکخراو و گرووپ و دەستەکانەوە لە خوێندنگاو زانکۆکاندا و باسکردنی کاریگەریە خراپەکانی.

٧. توندکردنەوەی سنورەکان و ڕێگری لە ئاسان هاتنە ناوەی هەر کەلوپەلێکی نا یاسایی. 

∎ لە ماددەی (٢٥_٣٦) ی یاسای بەرەنگار بوونەوەی ماددەی هۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکان باس لە سزای بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر دەکات بە هەر یەکێک لە ڕێگاکانی هاوردەکردن و هەناردەکردن و کڕین و فرۆشتن ....هتد) دەکات. 


چەند ئاگادار کردنەوەیەکی پێویست!

۱- ئاگادار بوونی شۆفێران بە تایبەت ئەوانەی ئیشی تەکسی دەکەن بۆ ئەوەی دڵنیا بن کە سەرنشینەکان هیچ شتێک لە دوای خۆیان جێناهێڵن، لەبەر ئەوەی تەنها بە دۆزینەوەی وا حساب دەکرێت کە ماددەکە هی تۆیە.

۲- هیچ کەلوپەلێک یاخود هیچ ماددەیەک وەرمەگرن تا دڵنیا نەبنەوە لێی کە چ ماددەیەکە.

۳- ئاگادار کردنەوەی لایەنی تایبەتمەند لە کاتی بینینی کسێک کە گومانی هەڵگرتنی ماددەی هۆشبەری لێ دەکرێت.

٤. ئاگادار بوونی ئەو گەنجانەی هەرزەکارن بۆ ئەوەی ڕێگری بکرێت لە نزیک بوونەوەیان لە بەکارهێنانی ئەو ماددانە.

تێبینی

۱. بابەتەکە زۆر فراوانە و هەوڵمداوە بە کورتی باسێکی بکەم ، هەرچۆنێک باس بکرێت بەدەر نابێت لە کەم و کورتی، بەڵام بە پێی ئامارەکان بەکارهێنان و بازرگانی کردن پێیەوە ڕوو لە زیاد بوونە ، ئامانجم هۆشیار کردنەوەیە. 

۲. باسکردنی ئەو قازانجە زۆرە هیوادارم بە ئیجابی سەیر نەکرێت و نەبێتە پاڵنەر بۆ ئەو جۆرە کارانە.

 ‌ ئەم وتارە دەربڕی ڕای نووسەر خۆیەتی ‌