Page Nav

HIDE

Grid

GRID_STYLE

Pages

latest

منداڵ پێش چوونە قوتابخانە چی فێربکرێت

 

 🖋️ کاروان ڕەسوڵ

پێنووس و تیانووس لە منداڵەکانتان دووربخەنەوە

هەڵەباوەکان لە پەروەردەکردنی منداڵان پەیڕەوی دەکەین، ئەوەی من لەم نووسینەدا خستوومەتەڕوو شتێکی تازە نییە و تەنها بەبیری دایبابانی دەهێنمەوە وەک بەرپرسیارێتی.

قوتابخانە شوێنی پەروەردەکردنە پاشان فێرکردن، لە نووسین و خوێندن، بگرە لە هەندێ وڵات قۆناغی یەکەم بەس گرنگی بە پەروەردەکردن دەدەن نەک فێرکردنی نووسین و خوێندنەوەی.

بەشێک زۆر لە دایبابان پێش قۆناغی فێرکردن هەوڵی فێرکردنی نووسین و خوێندنەوەی منداڵەکانیان دەدەن، دەستخۆشی لە منداڵەکانیان دەکەن بەوەی فێری هەندێک لە حەرفەکان بووە، بەڵام بەداخەوە لەوە تێناگەن کاتی ئەوەی نییە، ئەمەش هەڵەیەکی گەورەیە لە قۆناغی بنەڕەتی ئەو منداڵە باجەکەی دەدات، چونکە قوتابخانە شوێن و کاتی ئەوەیە.

دەبێت ئەوەش لە بیرنەکەن پۆلی یەکەم لە قۆناغی بنەڕەتی کات و رۆژەکانی خوێندن ئەوەندەیە بەشی ئەوە دەکات منداڵ بە ئاسانی پەروەردەبکرێت و فێری نووسین و خوێندنەوە بکرێت، بەڵام ئەگەر منداڵ خرایە قوتابخانە و خۆی شتی زانی پێش مامۆستا دەکەوێت یان ئەوەی مامۆستا پێدەڵێت دەیزانێت لەم کاتەدا بێزار دەبێت لە پۆل و هیچ چاوەڕوانییەکی لە مامۆستا ناکات فێری گوێگرتن نابێت لە مامۆستا لە پلەبەندی و قۆناغ بە قۆناغی فێرکردن دوادەکەوێت، دەبێت دایبابان منداڵەکانیان ئامادەی قوتابخانە بکەن نەک بە  فێرکراوی بینێرن و دەبێت هەرکات منداڵ لە قوتابخانە حەرفەکانی خوێندن ئەوکات دایبابان لە ماڵەوە راهێنانی پێبکەن.

ئەو هەموو لێکۆڵینەوەیەی کراوە لەسەر منداڵ لە چ ئاستێک فێری نووسین و خوێندنەوە بکرێت، ئەگەر فێرکردن و خوێندنەوە بۆ منداڵ پێش قۆناغی خوێندن کارێکی باش و سەرکەوتووبووایە لەسەر داهاتووی منداڵ، ئەوا تەمەنی چوونە خوێندن پێش دەخرا بۆ چوار ساڵ یان پێنج ساڵ.

بەداخەوە زۆرێک لە دایبابان شانازی دەکەن بەوەی منداڵەکانیان حەرفەکانی کوردی و ئینگلیزی فێربوون و دەتوانن بنووسن، کەمن ئەوانەی شانازی بکەن بەوەی منداڵەکەیان پەروەردەکردووە، هەموو ئەو بڕگانەی بۆ پەروەردەکردن و فێرکردنی منداڵ لە ستانداردە جیهانییەکانی ئەو وڵاتانەی پێشکەوتوون دژ بەم جۆرە فێرکردن و فێربوونە دەوەستنەوە.

لەلایەکی دیکەشەوە هەندێک لە دایبابان پێیانوایە منداڵ توانای وەرگرتنی باشە و هەرچی بە منداڵی فێربێت بیرناچێتەوە بەبێ ئەوەی هیچ لێکۆڵینەوەیەکیان لەسەر ئەم بابەتە خوێندبێتەوە بۆچی شتێک و ئاستێک ئەم قسەیە راستە،ئەو شتانەی پێش خوێندن گونجاوە بۆ فێربوونی منداڵ و شتی دیکە لە کۆتایی نووسینەکەدا ئاماژەی پێدەکەم.

یاخود بیانووی دایبابان ئەوەیە لە ناچاریدا منداڵەکان مۆبایل بەکاردەهێنێت و هیچ دەسەڵاتێکی نییە بۆ قەدەغەکردنی بەکارهێنانی منداڵ دەڵێت با سەیری ئەو ڤیدیۆیانە بکات کە فێری حەرفەکان دەبێت، منداڵانیش هەندێ شت فێری خۆیان دەکەن کە وەک خەڵەتاندنی دایبابان بەکاریدەهیێنن.


حکومەت پلانی چییە بۆ منداڵان پێش قوناغی خوێندن لە دوو رووەوە باسی دەکەم.

یەکەم: بەداخەوە وەزارەتی پەروەردە زۆرێک لەو مۆڵەتانەی داوێتی بە پەیمانگاکانی راهێنان و فێرکردن کەوتوونەتە هەڵەوە خولی نووسین و فێرکردنی حەرفەکان دەکەنەوە بۆ منداڵانی پێش چوونە قوتابخانە و هەندێکیان بە ئاگاداریی وەزارەتی پەروەردە ئەم کارە هەڵەیە دەکەن.


دووەم: کارەساتێکی دیکە ئەوەیە لە باخچەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە پەرتووک هەیە وەک قۆناغ بە قۆناغ بۆ فێرکردن دانراوە ئەمەش مەترسییە، چونکە ئەوەی پێویستە بە منداڵ بوترێت لەم ئاستەدا پێچەوانە دەکەنەوە.


چی فێر منداڵ بکرێت پێش چوونە قوتابخانە، یاخود چی گرنگە بۆ منداڵ بیزانین

قۆناغی پێش قوتابخانە، قۆناغی پەروەردەکردنە نەوەکو مێشکی منداڵ سەرقاڵبکرێت و پڕبکرێت بە هەندێک شتی دیکەوە یان بڵێن نووسین و خوێندنەوە، بابەتە پەروەردەییەکانیش دەبێت بە منداڵ بووترێت و بە قۆناغ و پاشان فێری بکرێت. 

یەکەم: خۆشەویستی خێزانەکەی و دەورووبەرەکەی، چۆن بانگیان بکات و چۆن وەڵامیان بداتەوە.

دووەم: چی کاتێک و چۆن قسەبکات.

سێیەم: پێویستە منداڵ فێربکرێت پاکوخاوێنی، چۆن ژینگە دەپارێزێت و چۆن مامەڵەیەکی دروست لەگەڵ ژینگەکەی دەورووبەری بکات.

چوارەم: ئەو خێزانانەی کە فۆڕمێکی ئایینییان هەیە، فێری ناسینی خودا (یەکتاپەرستی)، دەسەڵاتەکانی و ناساندنی پێغەمبەر (د.خ.) بۆ بکرێت.

پێنجەم: دەبێت فێری خۆشەویستیی نیشتمان، پێناساندنی ئاڵای وڵات، سەرکردە و نەتەوەی بۆ بکرێت.

شەشەم: هونەر، وەرزش و میوزیک سێ پێویستین بۆ منداڵ دەبێت پێیان ئاشنابکرێت.

حەوتەم: پاداشت و دەربڕینی وشە جوانەکان بۆ کارە جوان و باشەکانی منداڵ دابنرێت، لە هەمانکاتدا سزاشی بۆ دابنرێت، بەڵام سزاکان دووربن لە لێدان، ترس و تۆقاندن.

هەشتەم: باسی قوتابخانە و مامۆستای بۆ بکرێت، ئەرکەکانی منداڵ لە قوتابخانە چین پێیبووترێت.

نۆیەم: وای لێبکرێت راستگۆ بێت، فێربکرێت و لایەنە باشەکانی راستگۆیی بۆ باسبکرێت، هەوڵ لەگەڵ منداڵ بدرێت دووربکەوێتەوە لە درۆکردن.

دەیەم: پێویستە کەسایەتیی منداڵ تێکنەشکێندرێت و تەریق نەکرێتەوە، هەڵەکانی بە نمایش بۆ راستبکرێتەوە.

یازدەیەم: لەم قۆناغەدا دووری بخەرەوە لەشەرمنی، گۆشەگیری، پەراوێزخستن.

دوازدەیەم: پێویستە ئەوەی لەبارەی ژیانی منداڵەوەیە بڕیاری کۆتایی دایباب بیدات، لە کڕین و یاریکردن.

سیازدەیەم: ئەو شتەنادروستانەی حەزی لێیە بە پلان و وردە وردە لێیدووربخرێتەوە وەک مۆبایل و یارییە ئەلکترۆنییەکان.


 ‌ ئەم وتارە دەربڕی ڕای نووسەر خۆیەتی ‌