| ڕاپۆرت : دیلان سیروان
ناوی تەواوی فاروق کریم محی الدین ، لە ڕێکەوتی ١١/٢/ ۱۹٨٥ لەشارۆچکەی گۆپاڵەی سەر بەقەزای بازیان چاوی بەدنیا هەڵهێناوە و خاوەنی سێ برا و چوار خوشک بووە.قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و دوا ناوەندی و ئامادەیی لەشارۆچکەی گۆپاڵە بەسەرکەوتویی تەواوکردووە .
- ساڵی ٢٠٠٤ لە کۆلێژی پەروەردەی وەرزشی زانکۆی سڵێمانی وەردەگیرێت.
- ساڵی ٢٠٠٨ بڕوانامەی بەکالۆریۆس لەپەروەردەی وەرزشی لەزانکۆی سلێمانی بەدەستدەهێنت.
- ساڵی ٢٠٠٩ لەخوێندنگەی سەرای سوبحان ئاغا سەر بەپەروەردەی سەیدسادق وەکو مامۆستای وەرزش دادەمەزرێت.
- ساڵی ٢٠١١ کاری مامۆستاییەکەی دەگوازرێتەوە بۆ خوێندنگەی وڵاتی بنەڕەتی لە شارۆچکەی گۆپاڵە و بەردەوام دەبێت لەخزمەتکردن.
- ساڵی ٢٠١٧ ژیانی هاوسەرگیری پێکدەهێنێت و ئەنجامی هاوسەرگیریەکەش كچێك و كوڕێكه بەناوی گەڵا و ئارا ، کە ئارای کوڕی دوای دوو مانگ لە کۆچی دوای باوکی لەدایک دەبێت. جگە لەوەی کە خولیا و ئارەزووی فۆتۆگرافی و گەشتکردنی بەناوچەکانی هەرێمی کوردستان هەبوو، مامۆستا فاروق خولیایەکی زۆری وەرزشیشی هەبوو، جگە لەوەش بەردەوام لە خەمی وەرزشی سنورەکەی دابووە و هەموو هەوڵێکی بۆ پێشخستنی وەرزشی ناوچەکەی و خزمەتکردن بەگەنجان بووە. لەدوای هەڵبژاردنی شارەوانیەکان لە سنووری قهزای بازیان ئیدی شتێک نەما بەناوی وەرزشی تۆپی پێوە، مامۆستا فاروق کەریم لەگەڵ سێ براکەی بەردەوام دەچنە یاریگاوە تا بەهۆیەوە ، تیپێکی تۆکمە و لێهاتوو دروست دەکەنەوە و ناهێڵن تیپی وەرزشی بروسکە لەناوبچێت، لەو کاتەوە مامۆستا فاروق ڕۆڵی گێڕاوە لە خزمەتکردن و بەرەو پێشچونی تیپی تۆپی پێی یانەی بروسک و یاریزانێکی سەرەکی بووە و بەردەوام لەیاریگادابووە. بەهۆی ئاستەبەرزەکەی و بەهۆی لێهاتوی ڕۆڵێکی زۆر گەورەی هەبوو لەسەرکەوتنەکانی تیپەکەی ، یەکێک بوو لەدەستەی بەڕێوەبردنی تیپی وەرزشی بروسکە و ڕۆڵێکی گرینگی هەبوو لەبڕیاردان لەسەر چارەنوسی تیپەکە. مامۆستا فاروق کەریم لە ئێوارەی ٢٠٢١/٥/١٩ بە سەکتەی دڵ ، دڵەگەورەکەی لە لێدان کەوت و ماڵ ئاوایی لە ژیان کرد، لەدوای خۆیشی خەرمانێک لە خزمەتی بەجێهێشت و وەرزش دۆستانی سنوورەکەشی بەبێ نازی هێشتەوە.