لەدرێژەی بەدواداچون و هەوڵەکانی ستافی بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار بۆ گێراندنەوەی کرێکارانی لەسەرکار دەرکراوی کارگەی گرین عێراق چەند ڕۆژێک پێش یەکی ئایار ، بەپێویستمان زانی ئەم ڕونکردنەوەیە بۆ ڕای گشتی بڵاوبکەینەوە:
ڕاستەوخۆ بەدوای هەواڵی دەرکردنی ژمارەیەك کرێکار لە یەکێك لە شەفتەکانی بەشی ئینتاجی کارخانەی گرین عیراق، ستافی بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار پەیوەندی بەو کرێکانەوە کرد کەئەم بڕیارەی کارگەی ناوبراو ڕووبەڕوی کردوونەتەوە.
سەرچاوەی هەواڵەکەش باس لەوەدەکات کە بەڕێوەبەری کارگە لیستێکی ٧٥کەسی ئامادەکردوە تا لەسەرکارەکانیان دەریان بکات. ئەمەش بەپاساوی ئەوەی کە گوایە لەتاقیکردنەوە (تێست) دەرنەچوون و کارگە ئەدای کاری ئەم کرێکارانەی پەسەند نەکردووە بۆیە کۆتایی بەکارکردنیان دەهێنێت ...
ئەمە لەکاتێکدایە کە ئەو کرێکارانە هەندێکیان ماوەی دوساڵ و هەندێکیان ساڵێک زیاتر و ....هتد ، خزمەتی کارکردنیان هەیەو مانگانە موچەیان وەرگرتووە ، کە بەپێی یاسا خاوەنکار تەنها دەتوانێت ماوەی سێ مانگ وەك تاقیکردنەوە لەبەرچاوبگرێت بۆ هەرکرێکارێك کە دەیخاتە سەرکار .. بێگومان ئەم ماوەیە کە دیاریکراوە ماف ئەدات بە هەردولا ،کرێکارو خاوەن کار کە ئەگەر کارەکە لەگەڵ ئەو مەرجانەدا نەگونجا کە بەپێی گرێبەست لەسەری ڕێكکەوتوون ئەوکاتە بە ڕەزامەندی هەردولا گرێبەستەکە باتڵە و هیچ کام لەخاوەن کارو کرێکاریش دەعوایان لەسەر یەکەتر نابێت ، بەمەرجێك خاوەنکارەکە گشت مافە یاساییەکانی کرێکارەکەی دابین بکات ... بەڵام بەڕێوەبەرانی کارگەی چپسی گرین عێراق نەك هەر ئەم ڕێکارە یاساییەی جێبەجێ نەکردووە ، بەڵکو فێڵیشی لە یاسا کردووەو ئەو ماوەیەی کە کرێکارەکە کاری بۆ کردووە ناوی ناوە کرێکاری ڕۆژانەوە ، دواتر هاتووە گرێبەستێکی تری بۆ ئامادەکردووە و ناوی ناوە گرێبەستی ماوەی تاقیکردنەوە و دوای سێ مانگ هەستاوە بە جێبەجێکردنی ئەو ڕێکارەی کە خۆی پلانی بۆداناوە ، ئەویش دەرکردنی ئەو کرێکارانەیە . ئەم کارەی ئیدارەی گرین عێراق بەشی یاساییەکەی ، پێشێل کردنی یاسایە و ناکرێت وەزارەتی کار چاوپۆشی لێبکات ...
کرێکارانی لەسەرکار دەرکراو ئەم جارە ڕێکارێکی یاسایی ستانداردیان گرتووەتەبەرو بە بەپێی بەدواداچونی دەنگی کرێکار وەفدێك لە کرێکاران سەردانی بەرێوەبەرایەتی کاروباری کۆمەڵایەتی سلێمانی/ هۆبەی کاریان کردووە هۆبەی کاریش گویی بۆقسەکانیان گرتووەو پێی ڕاگەیاندوون کە لێکۆڵینەوە بۆ کێشەکەیان دەکات . بۆپشت ڕاستکردنەوەی گشت ئەم زانیاریانەش ، سەرنوسەری دەنگی کرێکار وەستا مەهدی بەتەلەفون لەگەڵ بەرێز عبدالمجید ، بەرێوەبەری هۆبەی کار لەسلێمانی لە سەرکەیسی کرێکارانی گرین عێراق قسەی کردو بەسوپاسەوە و بەوردی زانیاری لەسەر کەیسی ئەو کرێکارانە دابە دەنگی کرێکار .. بەرێوەبەری هۆبەی کار دەڵێ : ئێمە مەعلوماتی تەواومان لەکرێکارەکان وەرگرتووەو ماوەی سێ رۆژمان داوە بە نوێنەری گرین عێراق کە ئامادەبێت و زانیاری لەوانیش وەرگرین و دواتر ئێمە بەئەرکی خۆمان هەڵئەسین و لەهیچ کەسی قبوڵ ناکەین کەمافی کرێکاران پێشێل بکات .
ئێمە وەك بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار ، هەر کە هەواڵی دەرکردنی کرێکارانمان پێگەیشت بەیاننامەیەکمان خستە بەردەم ڕای گشتی ولایەنە پەیوەندیدارەکان و ئەم ڕوونکردنەوەیەش بۆیە دەخەینە بەردەست تا ئەوە نیشان بدەین کەئێمە بەو پەری توانامانەوە دیفاع لەکرێکاران دەکەین و داواش لەکرێکاران دەکەین کە لەئاست دەکردنی کرێکارانی گرین عێراق بێدەنگ نەبن و لەسەریان بێنەجواب ... پێویستە کرێکاران ، دەرکردن لەسەرکار قەدەغە بکەن و وەك هێڵێکی سور بخرێتە ناو یاسای کارەوە نەك بەبیانوی تێست و لاوازی برگەیەکی یاسایی رێگە بدرێت کرێکار لەسەر کار دەکرێت ...هەرلێرەشەوە داوا لەکرێکارانی کارگەی گرین عێراق وگشت کارگەو کۆمپانیاکان دەکەین ڕیزەکانیان یەکگرتوو بکەن ونوێنەرانی خۆیان بۆ پەیگیری کێشەکانیان هەڵبژێرن ولەسەر داوای خۆیان سوربن و ڕیگا نەدەن خاوەنکارەکان مافەکانیان پێشێل بکات.
وەستامەهدی
سەرنووسەری دەنگی کرێکار
٤/٥/٢٠٢٣
بۆ پەیوەنیکردن بەئێمەوە:07702237250
- ئهم بابهته له بڵاوكراوهی دهنگی كرێكار ، ژماره 45 بڵاوكراوهتهوه .