نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٢٥ـی ئایاری ٢٠٢٣، سایلۆکان بۆ ڕادەستکردنی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی جوتیاران بەڕووی جووتیاراندا دەکرێنەوە.
ئەمساڵ بۆهەر تۆنێک گەنم، بڕی ٨٥٠ هەزار دینار بە جووتیاران دەدرێت، ئەمەش دوای ئەوەی گەنمەکە نموونەی لێ وەردەگیرێت و لە پشکنینەکان دەردەچێت. بۆ ئەمساڵ، ٣٧٥ هەزار تۆن گەنم لە سنووری پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان وەردەگیرێن.
بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەشڵێت ، ٤٠ ملیار دینار خراوەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، ئەمساڵ چەند رۆژێک دوای وەرگرتنی گەنم لە جووتیاران، چەکی پارەیان پێدەدرێت.
ساڵی ڕابردوو وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە ٣١١ هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان وەرگیراوە. هاوکات ساڵی ڕابردوو پلەبەندی لەسەر جۆری گەنم دانەنرابوو و هەمووی بە پلە یەک وەرگیرا کە بۆ هەر تۆنێک گەنم بڕی ٨٥٠ هەزار دینار دیاریکرابوو.