دیلان سیروان - بازیان میدیا
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بۆ تاوتوێکردنی خشتەی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران ئەنجام دراوە و دڵنیایی دەدەن کە فەرمانی پلەبەرزکردنەوەکان بۆ خشتەکانی ڕابردوو دەگەڕێتەوە و مافی هیچ ئەفسەرێک نەفەوتێت.
ئەمڕۆ دووشەممە (١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٦)، بە سەرپەرشتیی لیوای مافپەروەر تارق ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیس، کۆبوونەوەیەکی تایبەت لە بارەگای بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هەرێم بەڕێوەچوو. لە کۆبوونەوەکەدا وردبینی بۆ ڕێکارە یاسایی و کارگێڕییەکانی تایبەت بە پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران بۆ خشتەی ١٤ی تەممووزی ٢٠٢٦ کرا و جەخت لەسەر پەلەکردن لە ڕاپەڕاندنی مامەڵەکان کرایەوە، تاوەکو ئەفسەران لە ڕێکەوتی شایستەبوونی خۆیاندا پلەیان بەرز بێتەوە.
عەقید کارزان ئەمیر، گوتەبێژی پۆلیسی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پرۆسەکە کەمێک دواکەوتووە، بەڵام هیچ کێشەیەکی گەورە لەئارادا نییە؛ پاش گەڕانەوەی فەرمانی سەرۆکی هەرێم بۆ ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی ناوخۆ ڕێکارە کردەیییەکان دەست پێ دەکات.
مەرجەکانی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران:
گوتەبێژی پۆلیسی هەرێم مەرج و ڕێنماەکانی پلەبەرزکردنەوەی ڕوون کردەوە کە بریتیین لە:
- دەرچوون لە پشکنینی چاو و تاقیکردنەوە تایبەتەکان.
- ڕاگرتنی کێش لە ئاستی دیاریکراودا.
- بۆ پلەکانی سەرووی عەقید: پێشکەشکردنی توێژینەوەی زانستی و گفتوگۆکردن لەسەری.
- بەپێی هەموارکراوی ڕێنوێنیی وەزارەتی ناوخۆ لە ٢٤ی تەممووزی ٢٠٢٤، مەرجە ئەو ئەفسەرانەی لە پلەی عەقیدەوە بۆ پلەی عەمید بەرز دەکرێنەوە، پۆستی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی یان بەڕێوەبەری بەشیان هەبێت.
