ئامادەکردن : شەیما حەمدەڵا
ڕەوتی گشتی بەرەو کشتوکاڵی بەردەوام و سروشتی لە زیادبووندایە. پەیینی ئۆرگانیک مەبەستی بەدەستهێنانی بەرهەمی زۆر و دۆستی ژینگە بەکار دەهێنرێت ، لەم بابەتەدا زانیاری لەسەر گرنگترین جۆرەکانی پەیینی ئۆرگانیک دەدەین.
پەیینی ئۆرگانی :
ماددەیەکی سروشتی پاکە لە سەرچاوەی سروشتییەوە دێ و ماددە خۆراکیەکان دەشکێنێت و دەیانگۆڕێت بۆ شێوەیەکی کانزایی کە ڕاستەوخۆ سوود بە خاک دەگەیەنێت و بە ئاسانی ڕووەکەکان هەڵیدەمژن . پەیینی ئۆرگانی دەتوانن سەرمایەیەکی بەنرخ بن بۆجوتیاران ئەگەر بە دروستی بەکاری بهێنن.
پێکهاتەکانی بە گشتی بریتیە لە پاشماوەی ئاژەڵ و ڕووەک،پەلەوەر و هتد، زۆرینەی ماددە خۆراکییە پێویستەکانی تێدایە بۆ ڕووەکەکان (نایترۆجین، فسفۆر، پۆتاسیۆم، کالیسیۆم، و توخمە دەگمەنەکان) بە یەکێک لە باشترین جۆرەکانی پەیین دادەنرێت.
جۆرەکانی پەیینی ئۆرگانی:
① پەیینی ئاژەڵان:
سەرەکیترین جۆری پەیینی ئۆرگانیکە ، تێکەڵەیەک لە دەردراوەکانی ئاژەڵە کێڵگەییەکان (ماددەی ڕەق و شل) لەگەڵ جێگەی نوستنی ئاژەڵەکان , ئەم جۆرە پەیینە بە ڕێژەیەکی هاوسەنگ بەکاردێت کە پەیوەندی هەیە بە جۆری خاک و ئەو بەرهەمانەی تێیدا گەشە دەکەن.
باشی و تەندروستی ئەم پەیینە پەیوەندی بە کۆمەڵێک هۆکار دەبێت وەک :
1- ماوەی هەڵگرتن.
2-بڕ و کوالێتی خۆراکی ئاژەڵ.
3- جۆری ئاژەڵ.
4- جۆری پاشماوە ( کا و تەڵاشی دار ... هتد ) .
② پەیینی پەلەوەری:
پشتبەستن بەم جۆرە لە ئەنجامی بڵاوبوونەوەی کێڵگە پەلەوەرییەکانەوە دێت کە بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و چەندین جۆری هەیە, لە چاندنی سەوزە و میوەدا بەکاردێت بەهۆی ئەنجامە باشەکانی لەسەر کوالیتی و زۆری ئەو بەروبوومانەی کە دەچێنرێن.
بەڵام دەبێت بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت ، بۆ ئەوەی نەبنە هۆی لەناوچوونی ڕووەک و پیسبوونی ژینگە و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و بۆنی ناخۆش.
③ پەیینی سەوز:
بریتییە لە ڕووەکی سەوز زۆرینەی ئەم ڕووەکانە جۆری پاقڵەمەنییەکانن کە نایترۆجینی هەوا لە خاکدا جێگیر دەکەن و بە تایبەت بۆ ئەم مەبەستە دەچێنرێن، پاشان هەڵگەڕانەوەیان و تێکەڵکردنی لەگەڵ خاکەکەدا.
هەروەها یەکێک لە گرنگترین سوودەکانی ئەوەیە کە یارمەتی ڕزگاربوون دەدات لە پاشماوەی ڕووەک کە لە خاکدا دەمێنێتەوە.
④ پەیینی ئۆرگانیکی شل :
شلەیەکی دەوڵەمەندە بە ماددە خۆراکیەکان بە پلەی یەکەم لە پەیینی ئاژەڵ یان پەیینی پەلەوەر بەدەست دێت ، سەرچاوەیەکی بەنرخی ماددە خۆراکیەکانە بۆ ڕووەک و بە شێوەیەکی باو لە کشتوکاڵ و باخداریدا بەکاردێت ، پێکهاتەی ماددە خۆراکیەکان بەپێی سەرچاوەکە و شێوازی ئامادەکردن دەگۆڕێت.
پەیینی شل وەک لە ناوەکەیەوە دیارە بەشێوەی شلە ئەمەش وادەکات بە ئاسانی بەکاربهێنرێت لەڕێگەی سیستەمی ئاودێری ڕشاندنی گەڵا یان ڕاستەوخۆ دەدرێتە سەر خاک.
کاریگەرییەکانی پەیینی ئۆرگانی :
- کاریگەریی بەرچاویان هەیە لەسەر باشترکردنی تایبەتمەندییەکانی خاکی کشتوکاڵی، هەروەها کاردەکات بۆ چالاککردنی وردە زیندەوەران کە سوودبەخشن بۆ خاک ، کە لە بەرامبەردا ماددە خۆراکییە نائامادەکان و نەمژراوەکان دەگۆڕن بۆ ماددەی سادە و ئاسان بۆ هەڵمژین لەلایەن ڕووەکەوە .
- هەواگۆڕکێی خاک باشتر دەکات، ڕاگرتنی ئاو لە خاکە قورسەکاندا زیاد دەکات.
- توانای خاک زیاد دەکات بۆ ڕاگرتنی ئاو، ئەمەش دەبێتە هۆی پاشەکەوتکردنی ئاوی ئاودێری و بەرگری لە وشکەساڵی.
ئەو هۆکارانەی کە پێویستی پەیین بۆ ڕووەکەکان دیاری دەکەن:
- جۆری ڕووەک و بەرهەم.
- جۆری خاک .
- تەمەن و قۆناغی گەشەی ڕووەکەکان.
- سیستەمی ئاودێری .
- هۆکاری ژینگەیی .
بە بەکارهێنانی پێوی ئۆرگانی چێنەران و جوتیاران دەتوانن بەرهەمێکی زیاتر و کوالیتی باشتر و تەندروستتر پێشکەش بکەن ،سوودێکی زۆر بۆ هەردوو بەرهەمهێنەران و بەکارهێنەران دابین دەکات .