ڕۆژی سێشەممە 23-05-2023، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە وەزارەتەکەی لەگەڵ تیمی سەرپەرشتیاری پڕۆژەی "هەژماری من" لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی پڕۆژەکەوە کۆبووەوە.
بەپێی ڕاگەیێندراوی وەزارەتی دارایی، لە کۆبوونەوەکەدا تیمی پڕۆژەی "هەژماری من" کە لەلایەن عەزیز ئەحمەد، جێگری بەرپرسی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە سەرپەرشتی دەکرێت، دەستپێشخەرییەکە بۆ وەزیری دارایی پێشکێشکرا کە لە ماوەی 7 مانگی رابردوودا هەنگاوی یەکەم و قۆناخی تاقیکردنەوەی بە سەرکەوتوویی بڕیوە و توانراوە هەژماری بانکی بۆ 841 فەرمانبەری نەخۆشخانەی منداڵبوون و ئافرەتانی هەولێر بکرێتەوە و ئێستا لە رێگەی سیستمی ئەلیکترۆنییەوە مووچەکانیان پێ دەدرێت.
بەپێی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دارایی، ماوەی دوو ساڵ دەخایێنێت و سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کە ژمارەیان زیاتر لە یەک ملیۆن و 200 هەزار کەسە دەبنە خاوەنی هەژمای بانکی تایبەت بە خۆیان.
ئاوات شێخ جەناب لە کۆبوونەوەکەدا هەموو پشتیوانییەکی خۆی و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی وەزارەتی دارایی بۆ دەستپێشخەرییەکەی سەرۆکوەزیران تایبەت بە پرۆژەی "هەژماری من" دووپاتکردەوە و ایگەیاند، بە تەواوبوونی ئەو پرۆژەیە کەرتی بانکی لە هەرێمی کوردستان گۆڕانکاری و پێشکەوتنی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت و فەرمانبەران و مووچەخۆرانیش سوودمەندی سەرەکی سیستمەکە دەبن و چەندین خزمەتگوزاری و کارئاسانیان بۆ دەستەبەر دەکرێت. ئەم پرۆژەیە یەکێکە لە گرنگترین پڕۆژەکانی کابینەی نۆ کە بە هاوئاهەنگی ڕاستەوخۆ لە نێوان نووسینگەی سەرۆکوەزیران و وەزارەتی دارایی ئەنجام دەدرێت.
شوباتی ئەمساڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی "هەژماری من"ـی راگەیاند. بەپێی حکومەت، "بەهۆی ئەو دەستپێشخەرییەوە، فەرمانبەرانی کەرتی گشتی، خانەنشینان و هێزە ئەمنییەکان بەشێوەیەکی پارێزراو و شەفاف لە رێگەی تۆڕێک لە ئامێری پارەراکێشان (ATM)ەوە کە زیاتر لە هەزار بنکە لە تەواوی هەرێمی کوردستان دادەنرێت، دەتوانن دەستیان بە مووچەکانیان بگات. ئەوەش ئاسانکاری دەکات بۆ دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە بانکییە مۆدێرنەکان، لەوانەش قەرز، پاشەکەوتکردن و پارەدانی دیجیتاڵی.