![]() |
بنەماڵەی کاوە بازیانی لەسەر ڕووداوی تەقەکردنەکەی دوێنێ ڕوونکردنەوەیەک بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە:-
دەقی ڕوونکردنەوەکە:-
ڕونکردنەوەیەک لە بنەماڵەی کاوە ئەحمەد تۆفیق ناسراو کاوە بازیانی-یەوە بۆ ڕایی گشتی.
سەر لە ئێوارەی دوێنێ نزیک بە بانگی ئێوارە ، لە قەزای بازیان لە لایەن تۆمەتبارێکەوە تەقە لە کاک کاوە کەسایەتی عەشرەتی کافرۆشی کرا، بەڵام خۆشبەختانە دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە چارەسەری پێویستی بۆ کرا و لە ئێستادا لە ژێر چاودێری پزیشکدایە.
کاک کاوە لە ساڵی 1978 وە لە ڕیزەکانی پێشمەرگەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ خزمەتکردن و پاراستنی خاکی پیرۆزی کوردستان چەکی پێشمەرگایەتی کردووەتە شان و تا ئێستا و بەبێ دابڕان لە ئەرکە پیرۆزەکەی بەردەوام بووە.
بە پێویستی دەزانین لێرەوە بە ڕایی گشتی ڕابگەیەنین کە ئێمە سکاڵای یاساییمان تۆمار کردووە و بڕوامان بە توانای هێزە ئەمنییەکان هەیە کە تۆمەتبار ڕووبەڕووی یاسا بکەنەوە و سزای ئەو کارە نا مەردانەیەی وەربگرێت.
داواکاریشین لەو سایت و پەیجانەی هەواڵی ساختە و بێ بنەمایان بڵاوکردووەتەوە لەسەر ئەم ڕووداوە، هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن و چیتر هەواڵی ناڕاستی گیان لەدەستدانی کاک کاوە بڵاو نەکەنەوە چونکە ناوبراو لە ژیاندا ماوە و پێویستی بە دۆعای خێری هەموو لایەکە نەک بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیاری ناڕاست، بە مافی خۆشمانی دەزانین کە سکاڵای یاسایی لەسەر هەموو ئەو دەزگا و سایتانە تۆمار بکەین کە هەواڵی ناڕاستییان بڵاوکردووەتەوە.
خودا حەقی کەس بەسەر کەسەوە ناهێڵێت و شیفای کاک کاوە بازیانیش بدات.