دیلان سیروان - بازیان میدیا
ئەمڕۆ بە فەرمی ساڵی نوێی خوێندنی (٢٠٢٦-٢٠٢٧) لە سەرجەم قوتابخانە و ناوەندەکانی خوێندنی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و ملیۆنان قوتابی ڕوویان لە هۆڵەکانی خوێندن کردەوە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەمساڵی خوێندن پرۆسەکە لە ٧ هەزار و ٥٩٠ قوتابخانەدا بەڕێوەدەچێت. زیاتر لە ١ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار قوتابی دەگەڕێنەوە سەر کورسییەکانی خوێندن، کە لەو ژمارەیە زیاتر لە ١٢٣ هەزار قوتابیان بۆ یەکەمجار وەک قوتابیی پۆلی یەکەمی سەرەتایی دەست بە پرۆسەی فێربوون دەکەن.
وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بەوەش کردووە کە پرۆسەی پەروەردە و وانەوتنەوەی ئەمساڵ لەلایەن ١٦٨ هەزار مامۆستا و فەرمانبەرەوە بەڕێوەدەبرێت و سەرپەرشتی دەکرێت.
