✍️دیلان سیروان - بازیان میدیا
کاتێک باس لە مێژووی ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ دەکرێت، هەموو چاوەکان دەچنە سەر ٥ی ئازار و ڕانیەی "دەروازە"، بەڵام کەم کەس دەپرسێت: ئەی ئەو دەستە پۆڵایەی کە تەنیا ٢٤ کاتژمێر دوای ڕانیە، لە ٦ی ئازاردا گڕی لە جەستەی بەعس بەردا لە کوێی نەخشەی ئاوەدانکردنەوەدایە؟ بازیان، کە دووەم وێستگەی ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان بوو، ئەمڕۆ لە جیاتی خەڵاتکردنی مێژووەکەی، بە دوکەڵی کارگەکان و شەقامی وێرانە پاداشت دەکرێت.
بازیان تەنیا قەزاو ناوچەیەک نییە، بەڵکو ئەو قەڵا ستراتیژییە بوو کە لە ٦ی ئازاردا پشتی سوپای بەعسی شکاند و ڕێگای گەیشتنی سوپای بۆ ناو جەرگەی سلێمانی بڕی. ئەگەر بازیان لەو ڕۆژەدا ڕانەپەڕیبایە، ڕەنگە ڕاپەڕینی سلێمانی قوربانی زیاتری هەبوایە و بەرێکی نەبوایە. ئەم هەڵوێستەی ٦ی ئازار، درێژەپێدەری ئەو مێژووە شکۆدارە بوو کە شێخ مەحمودی حەفید لە دەربەندی بازیان و بەردەقارەمان دژی ئینگلیزەکان تۆماری کرد؛ بازیان هەمیشە وەک قەڵایەکی دەستنەدانە و سەنگەری یەکەمی بەرگری لە کوردستان ماوەتەوە. بەڵام پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە: ئایا دەسەڵاتی کوردی دوای ٣٥ ساڵ، وەک وەفایەک بۆ ئەو مێژووە چی بۆ بازیان کردووە؟
ئەمڕۆ بازیان ناوەندی پیشەسازیی هەرێمی کوردستانە و ٣٢٪ی پیشەسازی عێراق لەخۆدەگرێت؛ دەیان کارگەی هەمەجۆر لەوانە (چیمەنتۆ، ئاسن، کارەبا، پاڵاوتگە، ئاو و هتد) دەوری قەزای بازیانیان داوە. بەڵام ئەمە "نەفرەتی سەرچاوەکانە". لە جیاتی ئەوەی داهاتی ئەم کارگانە ببێتە هۆی بووژانەوەی ژێرخانی بازیان، تەنیا بووەتە هۆکاری:
پیسبوونی کوشندەی ژینگە: هەوای بازیان پڕە لە ژەهری کارگەکان.
وێرانبوونی ڕێگاوبان: بارهەڵگری کارگەکان شەقامەکانیان کردووەتە چاڵ و چۆڵ، بێ ئەوەی یەک مەتر قیرتاو پێشکەش بە خەڵکەکەی بکرێت.
بێکاری: سەرەڕای بوونی دەیان کارگە، هێشتا گەنجانی بازیان دەبێت بۆ هەلی کار لە دەرگای ئەم و ئەم بدەن.
ناکرێت ناوچەیەک "دووەم وێستگەی ڕاپەڕین" بێت و "ناوەندی داهاتی پیشەسازی" هەرێمی کوردستان بێت، کەچی لە ڕووی خزمەتگوزارییەوە لە ئاستی دێهاتێکی فەرامۆشکراودا بێت. ئەمە تەنیا کەمتەرخەمی نییە، بەڵکو بێوەفاییە بەرامبەر بە مێژوو. بازیان ئێستا لە نێوان "دوکەڵی کارگەکان" و "فەرامۆشیی حکومەتدا" خەریکە دەخنکێت.
کاتی ئەوە هاتووە چیتر بازیان تەنیا وەک "ناوچەیەکی پیشەسازی" نەبینرێت، بەڵکو وەک "ناسنامەیەکی نەتەوەیی" مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. خەڵکی بازیان شایستەی ژیانێکی شایستەترن، نەک تەنیا ساڵانە لە ٦ی ئازاردا بە چەند چالاکییەکی چکۆڵە یادیان بکرێتەوە. بازیان پێویستی بە ئاوەدانکردنەوەیە، نەک تەنیا دوکەڵ و بەڵێنی بێ کردار!
